شوبات 19, 2019 12:49 Asia/Tehran
  • خۆپیشاندانی خەڵکی شارە جۆربەجۆرەکانی ئەمریکا دژ بە بڕیاری ترەمپ

خەڵکی ئەمریکا لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە ڕاگەیەندرانی دۆخی نائاسایی لە لایەن "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە بۆ ڕۆنانی دیوار لە سنوورەکانی نێوان ئەمریکا و مەکزیکیان بە کەڵکی نالەبار وەرگرتن لە دەسەڵات زانی و دژ بەو بڕیارە خۆپێشاندانیان بەڕێوە برد.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێشەممەی ئیرنا؛ ژمارێک لە چالاکانی مەدەنیی ئەمریکا لە شارەکانی واشینگتۆن، شیکاگۆ و دەیان شاری دیکە ڕۆژی دووشەممە دژ بە بڕیارەکەی ترەمپ لەمەر ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی لە سنوورەکانی باشوور خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

خۆپیشاندەران بە هەڵدانی درووشمی وەک "ترەمپ وەدەر نێن" و "دۆخی نائاسیی ساختە" ئەو بڕیارەی ترەمپیان بە کەڵک وەرگرتنی نایاسایی و نادرووست لە دەسەڵات و دەسگرتن بە سەر کۆنگرێس لە قەڵەم دا.

ترەمپ ڕۆژی هەینی هەڕەشەکەی خۆی بە کردەوە جێبەجێ کرد و بۆ چار کردنی کۆنگرێس لە ئاراستەی ڕۆنانی دیوار لە سنووری مەکزیک، دۆخی  نائاسایی لە ئەمریکادا ڕاگەیاند.

پێشتر کۆنگرێسی ئەمریکا ڕازی ببوو بەوەی کە تا ١.٤ ملیار دۆلار بۆ ڕۆنانی ئەو دیوارە بخاتە بەردەستی دەوڵەت، بەڵام ترەمپ سوور و پێداگرە لە سەر ئەوەی کە پێویستی بە لانیکەم ٥.٦ ملیار دۆلارە بۆ ڕۆنانی ئەو دیوارە.

کێشە و ناکۆکیی نێوان کۆشکی سپی و دیموکراتەکان لە سەر بودجەی ڕۆنانی دیواری سەرسنووری، بووە هۆی داخرانی بەشێکی زۆر لە دەوڵەتی فیدراڵ و بێکار بوونی لانیکەم ٨٠٠ هەزار فەرمانبەر بۆ ماوەی ٣٥ ڕۆژ لە مانگەکانی دێسەمبەری ٢٠١٨ و ژانڤییەی ٢٠١٩.

ئاکامی دوایین راپسرییەکان باس لەوە دەکات کە نیوەی خەڵکی ئەمریکا، ترەمپ بە تەخسیربار دەزانن لە مەسەلەی داخرانی دەوڵەتی فیدراڵدا. زۆرێک لە ئەمریکاییەکانیش نەیاری ڕۆنرانی دیواری جیاکەرەوە لە سەر سنوورەکانی نێوان ئەمریکا و مەکزیکن.

سەرپەیڤ