شوبات 20, 2019 15:33 Asia/Tehran
  • مەرجی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ دانوستانی بازرگانیی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئەمریکا

نوێنەرانی پەرلەمانی ئەورووپا داوای کۆتایی ھاتنی ھەڕەشەی پیشەسازیی ترۆمبیل چێکردنی ئەورووپا لە لایەن ئەمریکاو دیاریکرانی نرخنامەی گومرگی پۆڵاو بەرھەمی کشت و کاڵیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرانسا، نوێنەرانی پەرلەمانی ئەورووپا ڕۆژی سێ شەممە لە بڕیارنامەیەک دا کە لە لێژنەی بازرگانیی نێونەتەوەیی پەسەند کرا، ڕایانگەیاند: یەکەم مەرجی دانووستانی نێوان یەکێتیی ئەورووپاو ئەمریکا، چاوپۆشیی ئەم وڵاتە لە نرخنامەی گومرگی سەر فافۆن و پۆڵایە.

ئەم نوێنەرانە ھەروەھا خوازیاری ڕاگیردرانی دانوستانەکانن ئەگەر بێتوو باسی نرخنامەیەکی گومرگی تازە لە لایەن ئەمریکاوە بکرێت.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی نوێنەرانی پەرلەمانی ئەورووپا، ئەنجام دانی دانوستان بە قازانجی شارومەندان و کۆمپانیا ئەورووپییەکانە، چونکو دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ئاڵۆزییەکانی ئێستا لە پەیوەندییە بازرگانیەکان لەگەڵ واشێنگتۆن دامرکێتەوە.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە چەند مانگ لەمەوپێشەوە بەردەوام ھەڕەشەی دانانی نرخنامە بۆ ترۆمبیلە ھاوردەکانی ئەورووپا دەکات. ئەورووپییەکان وێڕای ڕەخنەگرتن لەم ھەڵوێستە خوازیاری ھەڵاواردنی کەرتی کشت و کاڵن لە ھەرچەشنە نرخنامەیەکی گومرگی.

بڕیارنامەی باسکراو کە لێژنەی بازرگانیی نێونەتەوەیی بە ٢١ دەنگی تەباو ١٧ دەنگی ناتەبا و دەنگێکی بێ لایەن پەسەند کراوە، لە مانگی مارس دا لە ھۆڵی پەرلەمانی ئەوروپا دەخرێتە بەر دەنگ دان.

سەرپەیڤ