شوبات 28, 2019 12:41 Asia/Tehran
  • شایەتیدانی مایکل کۆهێن و گێچەڵێکی دیکە لەبەردەم ترامپدا

سەرۆکی کۆمیتەی چاکسازیی وچاودێریی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وتی: شایەتیدانی مایکل کۆهێن پارێزەری پێشووی دۆناڵد ترامپ نیگەرانی قووڵی بەدیهێناوە لەمەڕ جێگەوشوێنی یاسایی ڕەفتاری سەرۆک کۆماری ئەمریکا.

بەپێی راپۆری کەناڵی پرێس تی ڤی؛ "ئیلیجا کامینگز" رۆژی چوارشەممە لە کۆڕی گوێ هەڵخستنی مایکل کۆهێن، وتی: بەڵگەو سەنەدی خراوەڕوو لەلایەن مایکل کۆهێن بووەتە مایەی نیگەرانی یاسایی و ئەخلاقی لەبارەی کردەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆشکی سپی و پێش هاتنی بۆ کۆشکی سپی.

سەرۆکی کۆمیتەی چاکسازیی و چاودێریی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وتی: ئەو سەنەدو بەڵگانەی پارێزەری پێشووی ترامپ خستوویەتیە بەردەست،  زۆر جێی نیگەرانییەو دەبێتە مایەی دڵگرانیی هەموو ئەمریکییەکان .

"مایکل کۆهێن" پارێزەری پێشووی دۆناڵد ترامپ رۆژی چوارشەممە لە کۆڕی شایەتیدانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، تۆمەت و بوختانی جیاجیای لەدژ ترامپ هێنایەئاراوەو سەرۆک کۆماری ئەمریکای بە کەسێکی درۆزن، فێڵباز، ڕەگەزپەرست و ساختەچی ناوبرد.

لەکاتێکدا کە میدیا ئەمریکییەکان ماوەیەک لەوەپێش ڕاپۆریان دا، لێکۆڵینەوەکانی "رابرت مولەر"ی پشکێنەری تایبەتی دۆسییەی دەسوەردانی بانگەشەبۆکراوی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی٢٠١٦ی ئەمریکا ڕوو لە کۆتابوونە، مایکل کۆهێن زانیاریی تازەی بڵاوکردەوە سەبارەت بە پشتی پەردەی ململانێی هەڵبژاردنیی ترامپ کە دەتوانێ لێکۆڵینەوەکانی مولەر بباتە نێو قۆناخێکی تازەوە.

کۆهێن کە لەلایەن ئیدارەی فدراڵی لێکۆڵینەوەکانی ئەمریکا (ئێف بی ئای) لەبەر لێکۆڵینەوەدایە، لە شایەتحاڵانی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکانی مولەر بەئەژمار دێ.

سەرپەیڤ