شوبات 28, 2019 15:02 Asia/Tehran
  • دانپێدانانی کۆشکی سپی بە شکستهێنانی دانوستانەکانی ترامپ لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکور

وتەبێژی کۆشکی سپی بەئاماژە بە کۆتایی هاتنی زووتر لەوەخت و لەناکاوی دووهەم دیداری سەرۆک کۆماری ئەمریکاو ڕێبەری کۆریای باکور، ڕایگەیاند: هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە لەنێوان دوو لایەندا سەبارەت بە پرس و بابەتە باسکراوەکان.

بەپێی نووسینی هەواڵدەریی رۆیتەرز، "سارا سەندرز" وتەبێژی کۆشکی سپی کاژێرێک لەوەپێش بەدەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکاو کیم جونگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور بێ هیچ ڕێککەوتنێک، شوێنی دانیشتنەکەیان لە"هانۆی"ی پایتەختی ڤێتنام جێهێشت.

لەو بەیاننامەدا هاتووە؛ ترامپ و کیم جونگ ئون لە دیدارەکانی چوارشەممەو پێنج شەممە ٢٧ و٢٨ی فێڤریە لەهانۆی، ڕێگای جۆراوجۆر بۆ بردنەپێشی چەکداماڵینی ئەتۆمی و پرسە ئابوریەکانیان تاووتوێ کرد بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک نەکراو تیمەکانی دوولایەن هیوایان بەدانیشتنەکانی داهاتوو هەیە.

بەرلەوەش سەندرز لەدیمانەکەی کورت لەگەڵ پەیامنێران، باسی گۆڕانکاری لەبەرنامەی دانیشتنی دووهەمی کیم جونگ ئون و دۆناڵد ترامپ و کۆتایی لەناکاوی ئەو دانیشتنەی کردبوو و وتبووی، ئیمزای ڕێککەوتننامەی هاوبەش ، نادیارە.

بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرەکان لەهانۆی، ترامپ و کیم بەجێهێشتنی زووترلەوەختی شوێنی دانیشتنەکە، نیوەڕۆخوانی کاریشیان هەڵوەشاند.

سەرپەیڤ