ئادار 03, 2019 12:33 Asia/Tehran
  • شەڕی نێوان هێزەکانی هیندستان و پاکستان ٨ کوژراوی لێکەوتەوە

لە تازەترین شەڕی نێوان هێزە سەربازییەکانی هیندستان و پاکستان ٨ کەس لەوان ٦ کەسی مەدەنی گیانیان لە دەست داوە.

بە پێی ڕاپۆرتی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەی هەواڵدەریی مێهر؛ ئەندامانی بنەماڵەیەک لە ناوچەی کەشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان و سێ کەسی مەدەنی دیکە لە ناوچەی کشمیری ژێر کۆنترۆڵی پاکستان لە قوربانیانی ئەو شەڕ و پێکدادانەن. هەروەها دوو سەربازی پاکستانیش لە نێو کوژارواندان.

سوپای پاکستان ڕۆژی شەممە بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە لە بەر ڕەوشی ئەمنیی زاڵ بە سەر ناوچەکە، هێزی زەوینی و دەریایی ئەم وڵاتە لە ئامادەباشیدان، رایگەیاند کە دوابەدوای ئەوەی هێزەکانی هیندستان لە ناوچەی "نیکالا" دەستیان دایە تەقە لە هێزەکانی پاکستان،  و دوابەدوای ئەوەش هێزەکانی پاکستان وەڵامیان دانەوە، دوو سەربازی ئەم وڵاتە کوژراون.

خولی نوێی شەڕ و پێکدادانی نێوان هیندستان و پاکستان دوابەدوای پەلاماری ١٤ی فێڤرییەی گرووپی تیرۆرستیی ناسراو بە "جیش المحمد" بۆ سەر هێزەکانی هیندستان لە کەشمیری ژێر کۆنترۆڵی ئەم وڵاتە دەست پێ بوو. لەو پەلامارە تیرۆریستییەدا ٤٤ سەربازی هیندستانی کوژران.

هیندستان بڕوای وایە کە پاکستان داکۆکی دەکات لە گرووپی تیرۆریستیی "جیش المحمد" ، بەڵام پاکستان ئەو بانگەشەیە ڕەت دەکاتەوە.

ئەو پەلامارە تیرۆریستییە بووە هۆی ئەوەی کە هیندستان دەسبەجێ هێزە ئەمنییەکانی پاکستان بە تۆمەتبار ڕابگەیەنێ و سەرۆک وەزیرانی  هیندستان لە کاردانەوەیەکی پڕ لە ڕق و تووڕەیی، باسی تۆڵە سەندنەوەی کرد و لە ئاکامدا فەرمانی بۆردومان کردنی کەشمیری ژێر دەسەڵاتی پاکستانی دەرکرد.

سەرپەیڤ