ئادار 05, 2019 12:18 Asia/Tehran
  • بەرپاکرانی کۆبوونەوەی لێژنەی ھاوبەشی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە ڕۆژی چوارشەممەدا

لێژنەی ھاوبەشی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە ئاستی بەڕێوەبەرانی سیاسی و جێگرەکانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و وڵاتانی چوار کۆ یەک « ئاڵمانیا ، بریتانیا ، فەرانسا، ڕووسیاو چین» ڕۆژی چوارشەممە لە ڤییەنای پێتەختی نەمسا بەڕێوە دەچێت.

بە پێی ڕاپۆرتی شەوی سێ شەممەی هەواڵدەریی ئیرنا ، سەرۆکایەتیی ئەم دانیشتنە بە ئەستۆی « ھێلگا ئیشمید» سکرتێری گشتیی پێکھاتەی ھەنگاوی دەرەکیی یەکێتیی ئەورووپا دەبێتو لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە، عەبباس عەراقچی یاریدەری سیاسیی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندەکەی ئەم وڵاتەی بە ئەستۆ دەبێت.

ئێران و یەکێتیی ئەورووپا لە پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ھەنگاوی ھاوبەش، زنجیرە وتووێژێکی چڕوپڕیان بۆ دەستەبەر کرانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێران لە ڕێککەوتنی بەرجام دا ھەبوو ھەتا سەرەنجام وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی ئاڵمانیاو فەرانساو بریتانیا ٣١ی ژانویە ڕایانگەیاند کە میکانیزمێکی تایبەتی بازرگانییان بۆ ئاڵ و گۆڕ کردنی دراڤ لەنێوان ئەورووپاو ئێران ناسراو بە« ئینستێکس-INSTEX» بەشێوەیەکی فەرمیانە تاپۆ کردووە.

ئەم میکانیزمە دراڤییە لە پلەی یەکەم دا بازرگانیی کاڵاو پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک و دەرمان دەگرێتەوەو لە پاشان بەرەبەرە بازنەکەی بەربڵاوتریش دەبێتەوە. ئەم ھەنگاوە لە کاردانەوە بەرامبەر بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە مای ٢٠١٨ و بە مەبەستی ئاسانکاریی بازرگانی بۆ ئەو کۆمپانیاگەلەی ئەورووپا کە بە نیازن لە ھەل و مەرجی بایکۆت دا ھاوکاری لەگەڵ ئێران بەردەوام کەن، ھەڵگیراوە.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند. قۆناغی یەکەمی ئەم بایکۆتانە لە حەوتی ئوتەوە جێبەجێ کراو قۆناغی دووھەمیش کە داگری بایکۆتی کڕینی نەوت لە ئێرانیشە لە پێنجەمی نوامبەرەوە بەشێوەی فەرمیانە چووەتە واری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لە بەر پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دژایەتیی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان ڕایانگەیاندووە کە پشتگری لە بایکۆتە دژی ئێرانییەکانی ئەمریکا ناکەن.

سەرپەیڤ