ئادار 20, 2019 09:49 Asia/Tehran
  • ترامپ جارێکی دیکە هەڕەشەی لە ڤەنزۆئێلا کرد

"دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا رۆژی سێ شەممە لەدیدار لەگەڵ "ژایر بولسونارۆ" ی هاوشانە بەرازیلیەکەی لە واشنگتۆن وتی: سەبارەت بە ڤەنزۆئێلا هەموو بژارەکان لەسەر مێزە.

بەپێی راپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، چەند کاژێر لەوەپێشیش وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بەشگەی نیشتمانیی کانگای ڤەنزۆئێلای خستەنێو پێڕستی بایکۆتەکانی.

بەرپرسانی ئەمریکی لەوان ترامپ لە چەند حەوتەی ڕابردوو بەجاران هەڕەشەی پەلاماری سەربازییان کردووە لە حکومەتی یاسایی ڤەنزۆئێلا.

ئەمریکاو هاوپەیمانانی لە چەند حەوتەی رابردوودا بە پاڵپشتی لە نەیارانی حکومەتی ڤەنزۆئێلا، لەهەوڵی ئەنجامدانی کودەتا لەو وڵاتەن.

"خوان گوایدۆ" ڕێبەری نەیارانی حکومەتی ڤەنزۆئێلا چوارشەممە٢٣ی ژانڤییە بەداکۆکیی ئاشکرای ئەمریکاو هاوپەیمانانی، خۆی وەک سەرۆک کۆماری ڤەنزۆئێلا ناوبرد، کردەیەک کە حکومەت و گەلی ڤەنزۆئێلا بە کودەتا لەدژ "نیکۆلاس مادۆرۆ"سەرۆک کۆماری هەڵبژاردەی خەڵک ناویان برد.

زۆربەی وڵاتان لەوان ئێران، ڕووسیاو چینیش ئەو ڕەفتارەی ئەمریکایان شەرمەزار کردو پێیان داگرت لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە سەروەریی و یەکپارچەیی ڤەنزۆئێلا.

ئەمریکاو هاوپەیمانانی بە سەپاندنی بایکۆت  و داکۆکی کردن لە نەیارانی حکومەتی ڤەنزۆئێلا هەوڵ دەدەن دەوڵەتی یاسایی ئەو وڵاتە کە ڕەوتێکی دژە ئەمریکی گرتووەتەبەر، بڕوخێنن.