ئادار 23, 2019 13:35 Asia/Tehran
  • پێداگریی گۆترێش لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی دژ بە دوژمنیی کردنی ئیسلام

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان پێی داگرت؛ ئەمڕۆ و هەموو رۆژێک دەبێ لەدژ نەفرەتی دژبەموسڵمان و هەموو شێوازەکانی دەمارگرژیی، یەک بگرین.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ئیرنا؛"ئەنتۆنیۆ گۆترێش" سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان پاش نیوەڕۆی دوێنێ هەینی ودوای دیدار و وتووێژ لەگەڵ نوێژخوێنانی ناوەندی ئیسلامیی نیۆیۆرک لە بەیاننامەیەکدا ڕوو لە کۆمەڵگای موسڵمانان ڕایگەیاند: "ئێوە بەتەنیا نین، جیهان و ڕێکخراوی نەتەوەکان لەگەڵتان دایە".

گۆترێش وێڕای ڕێزگرتن و ڕاگەیاندنی هاودەنگی لەگەڵ کۆمەڵگای موسڵمانان لە نیۆیۆرکەوە بگرە هەتا نیوزیلەند و واوەتریش، لەگەڵ خێزانی قوربانیانی پەلاماری ترۆریستیی سەر دوو مزگەوتی شاری "کرایست چێرچ"ی نیوزیلەند، هاوخەمیی دەربڕی.

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بەئاماژە بە پەرەی نەفرەتی دژبەموسڵمان، دژبە یەهود و لێدوانی بێزارکەرانەو دەمارگرژانە لە گشت جیهاندا، لەمەڕ ئەو مەترسییە وشداریی دا.

ئەنتۆنیۆ گۆترێش لە درێژەی قسەکانیدا، جەختی کرد لەسەر پێویستیی هەوڵدان لەدژ هەموو شێوازەکانی توندوتیژی بەدژ مزگەوت، کنێسە، کڵێسەکان ویان هەر شوێنێکی دیکە.

تەقەو دەسڕێژی ڕۆژی هەینیی سەر دوو مزگەوتی شاری "کرایست چێرچ"ی نیوزیلەند، لانیکەم پەنجاو دوو قوربانی و دەیان برینداری لێکەوتەوە.

ئەنجامدەری ئەو تاوانکارییە، بڕوای ڕەگەزپەرستانەو دژبەئیسلامی هەبووەو لە هێنانەئارای ڕوانگەکانی، پەسنی "دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکای داوە.