نیسان 05, 2019 19:23 Asia/Tehran
  • پەرە سەندنی ھاوکاریی میدیایی ئێران و ڕووسیا بە مەبەستی بەرنگار بوونەوەی پاوانخوازیی میدیایی ڕۆژئاوا

یاریدەری سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی دەرەوەی سنوور لە دیدار لەگەڵ بەڕێوەبەری کەناڵی ھەواڵدەریی «ڕاشاتودەی» پەرە پێ دانی ھاوکاریی میدیایی ئێران و ڕووسیای بە ھەنگاوێکی کاریگەر زانی لە ئاراستەی کۆتایی ھێنان بە پاوانخوازیی میدیایی ڕۆژئاوا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران،«پەیمان جبللی» یاریدەری سەرۆکی  ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی دەرەوەی سنوور وتی: کەناڵی ڕاشاتودەی لەگەڵ پرێس تی ڤی و کەناڵە دەرەوە سنوورییەکانی دیکەی ئێران ھاوکاریی بەربڵاوی ھەیەو بەھیواین ئەم ھاوکارییانە لە بواری جۆربەجۆر لەوانە گۆڕینەوەی ئەزمون و فێرکاری و کەرەستەی ھونەری و تەکنیکی پەرە بستێنێ.

«پەیمان جبللی» یاریدەری سەرۆکی  ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی دەرەوەی سنوور وێڕای ڕەخنە گرتن لە پێوەرەکانی دووفاقانەی ڕێکخراوەکانی چاودێری بەسەر میدیاکان لەوانە ئەفگام وتیشی: بەداخەوە ھەڵس و کەوتی بە تەواوی ھەڵاوێرانەو دووفاقانەیان لە بارەی دۆسیەی پرێس تی ڤی و کەناڵی نەیاری «ئێران نەشناڵ» ھەست پێ دەکرێت.

«ئالێکسی نیکۆلۆف» بەڕێوەبەری کەناڵی ھەواڵدەریی «ڕاشاتودەی»یش وێڕای ڕەخنەگرتنی توند لە ھەڵس و کەوتی دووفاقانەی ئەمریکاو ئەورووپا لەگەڵ پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و میدیایی وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بارەی ئازادیی ڕادەربڕین و میدیایی دروشمی جوان ھەڵدەگرن، کەچی بەداخەوە ھیچیان ناچنە واری جێبەجێ کردنەوەو ھەتا پێیان بکرێت دەنگە نەیارو سەربەخۆکانیش دەخنکێنن.

نیکۆلۆف تیشکی خستە سەر ھەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئەورووپا بۆ بەرتەسک کردنەوەی چالاکیی ڕاشاتودەی و وتیشی: داخستنی پەیجەکانی ھاوپەیوەند بەم کەناڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گوشار خستنەسەر پەیامنێران و بەڕێوەبەرانی لە ڕێگای کردنەوەی دەیان دۆسیە لە دادگاکان و ئافگام بە ناوی ڕێکخراوەی چاودێری کردن بە سەر چالاکیی میدیایی بەشێکن لەو ھەنگاوانەی ڕۆزئاوا بۆ پێشگرتن بە چالاکیی ڕاشاتودەی.

 

سەرپەیڤ