نیسان 17, 2019 13:33 Asia/Tehran
  • موگرینی : یەکێتیی ئەورووپا سەروەریی ڕژێمی زایونی بە سەر جۆلان بە فەرمی ناناسێت

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی سێ شەممە ھەمیسان پێ داگرتنەوە کە ئەم یەکێتییە سەروەریی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوی سووریا بە فەرمی ناناسێت.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا،«فدریکا موگرینی» بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی سێ شەممە لە پەرلەمانی ئەورووپا پێی داگرت: ھەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا لە ھەمبەر بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوی سووریا نەگۆڕاوەو ناشگۆڕدرێت.

«فدریکا موگرینی» بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتیی ئەورووپا، ھەنگاوەکەی ئەم دواییەی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ بە فەرمی ناسینی سەروەریی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆلانی سووریای وەک پێشێل کردنی ئاشکرای یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و بڕیارنامەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بەتایبەت بڕیارنامەکانی242(1967) و 497 (1981) ھێنایە ئەژمارو وتیشی: جۆلان بە پێی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و بڕیارنامەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ھی سووریایە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتیی ئەورووپا،  پێشتریش پێی داگرتبوو کە یەکێتیی ئەورووپا قەت سەروەریی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوی سووریا بە فەرمی ناناسێت.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی مارسی ٢٠١٩ لە ھەنگاوێکی دژبە یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و وێڕای پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان، بڕیارێکی واژۆ کرد کە بە گوێرەیەوە واشێنگتۆن سەروەریی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆلانی سووریا بە فەرمی دەناسێت.

داناڵدترەمپ ئەم بڕیارەی لە واشێنگتۆن و لەبەردەم بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی دا  واژۆ کردووە. ئەم بڕیارەی ترەمپ لەگەڵ کاردانەوەی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوە.

ڕژێمی زایونی لە ساڵی ١٩٦٧ ، نزیکەی ھەزارو دووسەد کیلومەتری چوارگۆشە لە خاکی سووریای لە بەرزاییەکانی جۆلان داگیر کردو دوای ماوەیەک ئەم ناوچەیەی نووساند بە سەرزەوییە داگیرکراوەکانەوە. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی قەت ئەم داگیرکارییەی بە فەرمی نەناسیوە .

ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانیش ئەم ناوچەیەی بە داگیرکراو ناوەزەد کردووە. کەچی دەوڵەتی ئەمریکا پشتیوانی داگیرکارییەکانی ڕژێمی زایونییە