نیسان 19, 2019 10:01 Asia/Tehran
  • نەیارەتیی ڕووسیا و ئەمریکا دژ بە بڕیارنامەی بەریتانیا سەبارەت بە لیبی

ئەمریکا و ڕووسیا نەیارەتییان دەربڕی بەرامبەر بە پێشنووسی بڕیارنامەی پێشنیاریی بەریتانیا سەبارەت بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی لیبی.

بە پێی ڕۆیتێرز؛ ئەمریکا و ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند؛ ئێستاکە ناتوانین داکۆکی بکەین لە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە خوازیاری ئاگربڕ لە لیبییە.

ژمارێک لە دیپلۆماتەکان وتیان؛ ڕووسیا نەیاری پێشنووسی بڕیارنامەی پێشنیاریی بەریتانیایە کە "خەلیفە حەفتەر" بە بەرپرسی خولی نوێی توند و تیژییەکان لە لیبی دەزانێ.

ئەمریکایش تا ئیستا ڕاینەگەیاندووە کە چ هۆکارێک بۆتە هۆی ئەو هەڵوێستەی سەبارەت بە نەیارەتی لە گەڵ پێشنووسی بڕیارنامەی پێشنیاریی بەریتانیا سەبارەت بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی لیبی.

گرووپی ناسراو بە سوپای نیشتمانیی لیبی بە فەرماندەرێتیی "خەلیفە حەفتەر" کە چەندین ساڵ بە داکۆکیی عەرەبستان، مسر و لیبی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی لیبی بە دەستەوە بووە، لە چواری ئاپریلی ٢٠١٩ـەوە فەرمانی دا بە هێزەکانی کە  پەلاماری ترابلۆسی پێتەختی لیبی بدەن.

لیبی لە ساڵی ٢٠١١ـەوە کە خەڵکی ئەم وڵاتە راپەڕین و دوابەدوای ئەوە حکومەتی "موعەمەر قەزافی" دیکتاتۆری لیبی ڕووخا، بە هۆی خۆوەردانی ئەمریکا و ژمارێک وڵاتی ئەورووپایی گیرۆدەی شەڕ و توند و تیژی و ناپاوەجێی سیاسی بووە.