نیسان 19, 2019 18:56 Asia/Tehran
  • هەڵوێست گرتنی گەورەڕامیاری ئوروپایی لەدژ سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناڤینیی ترامپ

دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەو کاتەوە پێی نایە کۆشکی سپی، دەستی کرد بە داکۆکی بێ شەرت ومەرج لە رژیمی زایۆنی. ئەو شێوازەی ناوبراو پێشاندەری پێملبوونی ترامپ بە زایۆنییەکانە. بۆ وێنە ناوبراو لە کردەیەکی بێ وێنەداو بە ئیمزای فەرمانێک لە٢٥ی مارس، سەروەریی ئیسرائیل بەسەر جەولانی داگیرکراوی بەرەسمییەت ناسی.

ئەو کردەی ترامپ کە تەواو لەدژ مافە نێودەوڵەتییەکان وبڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکانە سەبارەت بە جەولان، لەگەڵ نەیارەتیی بەرفراوانی جیهانی بۆ وێنە یەکێتی ئوروپا بەرەوڕوو بوو. درێژەی هەوڵەکانی ترامپ بۆ داکۆکی لە ئیدیعا پڕووپوچەکانی رژیمی زایۆنی، نیگەرانی زۆری بەدواوە بووە. ئێستا دەنگۆی بەڕەسمییەت ناسرانی پەیوەست کردنی شارۆچکە زایۆنی نشینەکان بە فەلەستینی داگیرکراو لەلایەن ترامپەوە لەئارادایە، ئەو کردەی کە زۆر بەدڵی نەتانیاهۆ دەبێ.

بەم حاڵەشەوە کۆمەڵگای جیهانی و بۆ وێنە بەرپرسانی ئوروپایی ڕەوتێکی دژ بە داوای تەلاڤیڤ و واشنگتۆنی گرتووەتەبەر. لەو ئاراستەدا، سی و حەوت کەس لە سیاسەتوانانی پلەبەرزی ئوروپایی بە ئیمزاکردنی نامەیەک، ڕەخنەیان گرتووە لە سیاسەتەکانی ترامپ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و داوایان لە ئوروپا کردووە، بەرنامەو پلانێکی سەربەخۆ لە بەرنامەی حکومەتی ئەمریکا ڕەچاو بکات بۆ چارەسەریی قەیرانی فەلەستین.

لەو ناوەدا، واژۆکەرانی ئەو نامەیە کە ڕوو لە فدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا نوسرا، کەسایەتی ناوداری وەک؛ زیگمار گابریەل، دەیڤید میلیبەند وجەک ستراو وەزیرانی دەرەوەی پێشووی ئاڵمان و بەریتانیا، خاویار سۆلانای ڕێکخەری پێشووری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا، ژمارێکی دیکە لە وەزیرانی دەرەوەی پێشووی وڵاتانی ئوروپایی و هەروەها ژمارێک چالاکوانی دەم و دەزگە نێودەوڵەتییەکان لە پەیوەندیی لەگەڵ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرچاو دەکەون.

ئەو سیاسەتوانانە داوایان لە یەکێتی ئوروپا کردووە هەتا نەیارەتی بکەن لەگەڵ ئەو سیاسەتەی ترامپ ئێستا لەمەڕ قەیرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێوشوێنی دەگرێ. واژۆکەرانی نامەکە ڕەخنەیان لەوە گرتووە کە حکومەتی ئەمریکا ئیدیعای ئیسرائیل لەبارەی خودانەتی کردنی گشت بەیتولموقەدەسی بەڕەسمی ناسیوە و لەهەمبەر پەرەپێدرانی شارۆچکە یەهودی نشینەکان لەناوچە فەلەستینی نشینەکان، خەمساردییەکی ئازاردەری گرتووەتەپێش.

کردەکانی ئەم دواییەی رژیمی زایۆنی بێ داکۆکیی ئاشکراو هەمەلایەنەی ترامپ لە نەتانیاهۆ مومکین نەبووە. ئەمریکا کە خۆی لە دەور و رۆڵی هێژمۆنی جیهانیدا دەبینێ، پێی وایە، لەمەڕ داکۆکیی کردن لە کردەی داگیرکەرانەی ئیسرائیل دەتوانێ هەر کارێک کە بخوازێ بیکا. بەم حاڵەشەوە، نەیارەتی یەکپارچەی جیهانی بە کردەی ترامپ لەمەڕ بەڕەسمییەت ناسینی سەروەریی رژیمی زایۆنی بەسەر جەولانی داگیرکراو بۆ وێنە نەیارەتی توندی یەکێتی ئوروپا پێشان ئەدا کە جیهان ئێستا لەهەمبەر کردەی یەکلایەنخوازانەی ئەمریکا ڕاوەستاوە.

بەقسەی فدریکا مۆگرینی، یەکێتی ئوروپا لەئاراستەی یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەکانی ٢٤٢و٤٩٧ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان سەروەریی ئیسرائیل بەسەر هیچکام لەو سەرزەوینانەی پاش ژۆئەنی١٩٦٧ داگیرکراوە، بۆ وێنە بەرزاییەکانی جەولان بەڕەسمییەت ناناسێ. هەڵوێستی یەکێتی ئوروپا لەوبارانەوە، لەهەمان کاتدا پێشاندەری کەلێنی رۆژ لەدوای رۆژی نێوان ئوروپاو ئەمریکا لەسەر زۆرێ لە پرس و بابەتە جیهانییەکانە.

ئەگەرچی ئوروپیەکان هەتا دەسپێکی دەسەڵاتی ترامپ، یەکگرتوو و هاوپەیمانی واشنگتۆن لەولایەی ئەقیانووسی ئەتڵەسی بەئەژمار دەهاتن بەڵام ئێستا کەلێنێکی گەورە دروست بووە لەنێوان واشنگتۆن وبروکسل لەسەر پرسی جیاجیاو زۆرێ لە بەرپرسان و سیاسەتوانە پلەبەرزە ئوروپییەکان جەخت لە پێویستیی گرتنەبەری سیاسەتێکی سەربەخۆ لە سیاسەتی ئەمریکا دەکەنەوە.

ئێستا پرسی فەلەستین بووە بە یەکێک لە خاڵەکانی ناکۆکیی دوولای ئەقیانوسی ئەتڵەسی و یەکێتی ئوروپا کردەکانی ترامپ بۆ وێنە لەمەڕ بەرەسمییەت ناسینی سەروەریی رژیمی زایۆنی بەسەر جەولانی داگیرکراوی بەجاران شەرمەزار کردووە.

سەرپەیڤ