نیسان 20, 2019 16:26 Asia/Tehran
  • نیگەرانیی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئوروپا لە برێگزیت بێ ڕێککەوتن

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئوروپا نیگەرانی دەربڕی لەمەڕ چوونەدەری بەریتانیا لە یەکێتی ئوروپا(برێگزیت) بێ ڕێککەوتنی لەندەن و بروکسل.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ڕۆیتەرز، "ژان کلۆد یونکر" وتی: ئەگەرچی یەکێتی ئوروپا مۆڵەتێکی دیکەی بە "ترێزا مێی" سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا داوە هەتا نوێنەرانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕازی بکات بە پەسەندکرانی ڕێککەوتنی کارگێڕیی برێگزیت، بەڵام هەروا ئەو نیگەرانییە هەیە کە بەریتانیا بێ ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی ئوروپا، لێی بچێتەدەر.

یونکر داوای لە حکومەتی بەریتانیا کرد مۆڵەتی شەش مانگەی یەکێتی ئوروپا لەدواخرانی برێگزیت بەفیڕۆ نەدا چونکە کاتی جێ بەجێ کرانی برێگزیت بۆ جارێکی دیکە دواناخرێ.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئوروپا بەئاماژە بە شوێنهاتی نەرێنی نادیاربوونی چارەنووسی برێگزیت لەسەر گەشەی ئابوریی ئوروپا، وتی: کەس نازانێ برێگزیت چلۆن دەگاتە ئەنجام و هەر ئەو مەسەلە جێی نیگەرانییە.

یونکر هەروەها "ئانگلا مێرکل"ی سەرۆک وەزیرانی ئاڵمانی بە کاندیدایەکی شیاو و لێهاتوو زانی بۆ پۆستە باڵاکانی یەکێتی ئوروپا پاش وازهێنانی لە پۆستی سەرۆک وەزیریی لەساڵی٢٠٢١دا.

سەرانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئوروپا لە کۆتایی دانیشتنی رۆژی چوارشەممە دەی ئاڤریل لە بروکسل رەزامەندییان دەربڕی لەگەڵ درێژکرانەوەی ماوەی برێگزیت هەتا ٣١ی ئۆکتۆبر.

بەپێی ڕێککەوتنی بەرایی بروکسل ولەندەن، بەریتانیا دەبوو ٢٩ی مارسی ٢٠١٩ یەکێتی ئوروپای جێهێشتبا بەڵام ترێزا مێی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لەبەر بێ ئاکامی لەڕازی کردنی پەرلەمان لەگەڵ ڕێککەوتن لەسەر جێ بەجێ کرانی برێگزیت، خوازیاری دواخرانی کاتەکەی بوو.