نیسان 23, 2019 15:22 Asia/Tehran
  • کۆریای باکوور سەفەری

کۆریای باکوور بە شێوەی فەرمی پشت راستی کردەوە کە ڕێبەری ئەم وڵاتە بە بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی مۆسکۆ دەکات.

هەواڵدەریی فەرمیی کۆریای باکوور (KCNA)، سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: "کیم جونگ ئون" ڕێبەری ئەم وڵاتە بە بانگهێشتی فەرمیی مۆسکۆ بەم زوانە سەردانی مۆسکۆ دەکات بەڵام کاتی ئەو سەفەرەی ڕانەگەیاند.

پێشتر  "دیمیتری پسکۆف" وتەبێژی کۆشکی کرێملین وتبووی کە "ڤیلادیمیر پوتین" ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا و "کیم" هەتا کۆتایی مانگی ئاپریل لە مۆسکۆ دیدار دەکەن.

بە سەرنجدانی ئەوەی کە بڕیارە پوتین  بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی لە رۆژی ٢٥ی ئاپریلەوە سەردانی چین بکات، چاوەڕێ دەکرێ کە سەفەری "کیم" بۆ ڕووسیا پێش ئەو ڕێکەوتە بێ.

بێتوو سەفەری ڕێبەری کۆریای باکوور بۆ ڕووسیا ئەنجام ببێ، ئەوە یەکەم سەفەری کیم بۆ ئەم وڵاتە دەبێ.

پاش شکست هێنانی دانوستانەکانی ئەمدواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و ڕێبەری کۆریای باکوور لە ڤییەتنام، "کیم جونگ ئون" ڕێبەری کۆریای باکوور لە نامەیەکدا بۆ "ڤیلادیمیر پوتین"ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا ئامادەیی ڕاگەیاندبوو بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات.

سەرپەیڤ