May 03, 2019 19:09 Asia/Tehran
  • فەڕانسا نکۆڵی کرد لە لایەنگری لە ژەنەراڵ حەفتەر

وەزیری دەرەوەی فەڕانسە دەڵێ کە وڵاتەکەی لایەنگری ناکا لە هێزەکانی ناسراو بە "سوپای نیشتمانیی لیبیا" بە سەرکردایەتی حەفتەر.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیسنا، "ژان ئیڤ لۆدریان" لەکاردانەوە بە هەواڵە بڵاوکراوەکان لەمەڕ داکۆکیی پاریس لە خەلیفە حەفتەر، فەرماندەری هێزەکانی ناسراو بە سوپای نیشتمانیی لیبیا وتی: پاریس داکۆکی لە حەفتەر ناکا بەڵکو خوازیاری ئاگربەس و هەوڵدانە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە لیبیادا.

لۆدریان وتیشی: فەڕانسە وەک ئەندامێکی هاوپەیمانیی دەسوەردانی سەربازی لە لیبیا لەساڵی٢٠١١دا ، بەشێک لەبەرپرسایەتی قەیرانی ئەو وڵاتە دەگرێتە ئەستۆ و لەسەر ئەو ڕایەیە کە حەفتەر بەشێک لە ڕێگاچارەی قەیرانی لیبیایە.

گرووپی ناسراو بە سوپای نیشتمانی لیبیا بە سەرکردایەتی ژەنەراڵ حەفتەر کە بەداکۆکیی عەرەبستان، میسر وئیمارات چەندین ساڵ کۆنترۆڵی رۆژهەڵاتی لیبیای بەدەست بوو، چواری ئاڤریل هێرشی کردە سەر ترابلۆسی پایتەخت. لەکاتی دەسپێکرانی ئەو پەلامارە هەتا ئێستا نزیک بە٣٨٠کەس کوژراون و زیاتر لە١٨٠٠کەسیش بریندار بوون و پەنجاو پێنج هەزار کەس ئاوارە بوون.

دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا ئەم بەینە هاوکاری ئاسایشیی خۆی لەگەڵ فەڕانسە لەبەر داکۆکیی پاریس لە هێزەکانی حەفتەر لەهێرش بۆسەر پایتەخت، پچڕاند.

سەرپەیڤ