May 14, 2019 13:06 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: ڕێککەوتنی ئەتۆمی گەلێک گرینگە

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پاش کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەورووپایی لە بروکسێل، ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانی بە ڕێککەوتنێکی یەکجار گرینگ و بنەڕەتی هەڵسەنگاند.

بە پێی ڕاپۆرتی شەوی سێشەممەی ئیرنا؛ "جێرێمی هانت" بە بڵاو کردنەوەی پەیامێک لە تویتەردا نیگەرانی دەربڕی بەرامبەر بە سەرهەڵدانی شەڕ و کێشەی قورس لە ناوچەکە و نووسی: پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران پێش بە پەرەسەندنی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکە دەگرێ.

کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی وەزیرانی دەرەوەی  یەکێتیی ئەورووپا، یەکەم کۆبوونەوەی ئەم وەزیرانە پاش وشداریی بەرجامیی ئێرانە.

ئێران لە رۆژی چوارشەممە (١٨ی مانگی مەیی ٢٠١٩)ـەوە ژمارێک لە بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕاگرت و دەرفەتێکی ٦٠ ڕۆژەی دا بە وڵاتانی دیکەی نێو ئەم ڕێککەوتنە بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانیان بەتایبەت لە بواری بانکی و نەوتیدا.

"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران چوارشەممەی ڕابردوو بە ئاماژە بە کەمتەرخەمییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی بەرامبەر بە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، وتی: ئێران پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراو و ئاوی قورسی خۆی زیاتر دەکات و بێتوو ئەورووپاییەکان نەتوانن لە ماوەی ئەو ٦٠ ڕۆژەدا بایکۆتە یەکلایەنەکانی ئەمریکا قەرەبوو بکەنەوە، ئێران ڕۆنانی ڕێاکتۆری ئەتۆمیی خۆی دەست پێ دەکاتەوە.

"دۆناڵد ترەمپ" ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ بە شێوەی یەکلایەنە  بە بنپێ کردنی بەڵێنەکانی واشینگتۆن بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، وڵاتەکەی لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە بردە دەرەوە و گەڕانەوەی بایکۆتە ئەتۆمییەکانی ئێرانی ڕاگەیاند.

ئەو کردەوەی ترەمپ بەرەوڕووی نەیارەتیی بەربڵاوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوویەوە.

 

سەرپەیڤ