May 17, 2019 12:43 Asia/Tehran
  • فەرمانی کارگێڕیی نوێی ترەمپ؛ بەرامبەر بە یەک وەستانی واشینگتۆن و چین

ناکۆکیی زۆری نێوان ئەمریکا و چین ڕەهەندی جۆربەجۆری سیاسی، بازرگانی و ئابووری، سەربازی و ئاسایشی و ستراتژیک دەگرێتەوە. واشینگتۆن نەک هەر بە نیازی ئاشتی کردنەوە لەگەڵ پکەن نییە، بەڵکوو خوازیاری پێشگرتن بە پەرە سەندن و بانتر بوونی تەکنۆلۆژیایی چینە.

ئێستا واشینگتۆن کۆمپانیای زەبەلاحی بەدالە وپێوەندیی چین واتە "هوواوی" Huawei کردووە بە ئامانج و بەنیازە زەبرێکی قورسی لێ بدات.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا چوارشەممە ١٤ی مانگی مەی لە فەرمانێکی کارگێڕیدا بە راگەیاندنی دۆخی نائاسایی نیشتمانی، کڕینی کەرەستەی بەدالە و تەکنۆلۆژیا لە هەر کۆمپانییایەک کە "مەترسی بۆ ئاسایشی نیشتمانی" بێ لە کۆمپانییە ئەمریکاییەکان قەدەغە کرد. بەم فەرمانە ڕێگا دەکرێتەوە بۆ قدەغە کرانی دەکارهێنانی کەرەستە و تەکنۆلۆژیای کۆمپانیای هوواوی کە زەبەلاحترین  کۆمپانیای بەدالە و پێوەندیی چین دێتە ئەژمار. بە وتەی "ویلبێر راس" Wilbur Ross   وەزیری بازرگانی ئەمریکا؛ ئەو فەرمانە زیاتر لە یەک ساڵ لە ژێر باس و لێکدانەوە بووە و ئامانجیشی ئەوەیە کە پێش بە دەسڕاگەیشتنی دوژمنان بە تەکنۆلۆژیای زانیاری و پێوەندی و زنجیرەی دابینکەری ڕاژەکاری لە ئەمریکا بگرێت.

بە پێێ ئەم فەرمانە کارگێڕییە؛ سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەسەڵاتی ئەوەی دەبێ کە سەبارەت بەو مامەڵە و سەودایانەی کە دەتوانن هەڕەشەیەک لە سەر ئاسایشی نیشتمانی بن، بڕیار بدات. لەو فەرمانەدا داوا لە وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا کراوە تا بە هاوکاری ناوەندە دەوڵەتییەکان لە ماوەی ١٥٠ ڕۆژدا بەرنامەیک بۆ جێبەجێ کردنی ئەو فەرمانە داڕێژێ.

ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمرئکا بانگەشە دەکەن کە ئەو فەرمانە کۆمپانیگەلێکی وەک "هۆواوی"ی چین دەگرێتەوە کە بە بانگەشەی ئەوان دەوڵەتی چین بۆ ئامانجی سیخوڕییانە کەڵکی لێ وەدەگرێ، ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای هۆواوی بەردەوام ئەو تۆمەتانەی وەدرۆ خستۆتەوە.

"بێنجامین ساس" Ben Sasse  سناتۆری کۆماریخواز وتوویەتی: هەناردەی سەرەکیی چین سیخوورییە، سنووردانان لە نێوان پارتی کومونیستی چین و کۆمپانیاکانی کەرتی نادەوڵەتی لەوان هۆواوی شتێکی خەیاڵاواییە.

"تێد کرووز" Ted Cruz سناتۆری کۆماری خوازی دیکەیش دەڵێ: ئەم فەرمانە کارگێڕییە یارمەتیدەر دەبێ بۆ پاراستنی تۆڕی بەدالەی بەرەی پێنجەم لە هەمبەر کۆمپانیای هۆواویدا.

ئەو فەرمانی کارگێڕییە لە کاتێکدا دەرکراوە کە ئاگری شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین، دوو ئابووریی زەبەلاحی جیهان لە ماوەی رۆژانی ئەمدواییەدا گەلێک بڵێسەی سەندووە. ئیستا بەو هەنگاوە تازە و لێبڕاوانەی دەوڵەتی ترەمپ دژ بە هۆواوی، کێشە و ناکۆکیی نێوان واشینگتۆن و پکەن ڕەهەندی نوێ دەگرێتە خۆ.

هۆواوی گەورەترین بەرهەم هێنەری کەرەستەی بەدالە لە جیهان و لە بەرهەم هێنەرانی گەورەی موبایلی سمارت یان زیرەک دێتە ئەژمار. ئەمریکا  لە نزیکەی یەک دەیە لەمەوبەرەوە هواوی تۆمەتبار کردووە بە سیخوڕی بۆ دەوڵەتی چین  و ساز کردنی کێشەی ئاسایشی بۆ ڕۆژاوا. دەوڵەتی ترەمپ بە بیانووی جۆربەجۆر لەوان مەترسیی ئەمنی، هاوپەیمانەکانی خۆی خستۆتە بن گوشارێکی ڕوو لە پەرەوە بۆ پێشگرتن بە بەردەوام بوونی چالاکیی کۆمپانیای هوواوی لەم وڵاتانەدا. بەم حاڵەشەوە ئەو داخوازەی ئەمریکا بەرەوڕووی نەیارەتیی توندی ژمارێک لە وڵاتان لەوان ئەڵمان و بەریتانیا بۆتەوە.

واشینگتۆن داوای لە هاوپەیمانەکانی کردووە تا پێش بە بەشدار بوونی کۆمپانیای هۆواوی و کۆمپانییە چینییەکانی دیکە لە پرۆژە گرینگە ژێرخانییەکانی بەدالە و پێوەندی بگرن. دەکار هێنانی بەرهەمی بەدالەیی و پێوەندیی ئەم کۆمپانیایە لە ساڵانی ئەمدواییەدا نیگەرانیی ئاسایشیی ئەمریکای بەدواوە بووە و هەر دوو دەوڵەتی ئۆباما و ترەمپ داوایان لە دەوڵەتانی ئەورووپایی کردووە دەکارهێنانی بەرهەمەکانی هۆواوی بەرتەسک بکەنەوە.

ئیستاکە کۆمپانیای هۆواوی لە کۆمپانیا پێشەنگەکان لە بواری تەکنۆلۆژیای بەدالە، پێوەندی و موبایلی زیرەک دێتە ئەژمار و لە سەرانسەری جیهاندا چالاکییەکی بەربڵاو و گشتداگری هەیە. لە ڕوانگەی چینییەکانەوە، گرینگترین هۆکاری هاتنە ئارای مەسەلەی سیخوڕی بوونی هۆواوی لە لایەن ئەمریکاوە، پاراستنی قازانج و بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیاکانی خەنیمی ئەمریکایی و پێشگری بە بڵاو بوونەوەی بەرهەمەکانی هۆواوی لە بازاڕی ناوخۆیی ئەمریکایە. بەرهەمەکانی کۆمپانیای هۆواوی هێمای دەسەڵاتی بەربڵاوی چینییەکان لە بازاڕی جیهانی دێنە ئەژمار.

سەرپەیڤ