May 19, 2019 14:01 Asia/Tehran
  • نوێنەری کۆنگرێسی ئەمریکا بانگەشەی کۆشکی سپی سەبارەت بە ئێرانی ڕەت کردەوە

ئەندامی دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پاش دەسڕاگەیشتن بە هەندێ زانیاری نهێنی، بانگەشەکانی دەوڵەتی ئەم وڵاتە دژ بە ئێرانی ڕەت کردەوە.

"ڕۆبین گالگۆ" نوێنەری ئەیالەتی ئاریزۆنا و ئەندامی دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست وتی: ئەو زانیارییە نهێنییانە بە لەونێک دەستیان لێدراوە تا مەترسیی ئێران لە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تەواو گەورە بکەنەوە.

ئەو نوێنەرەی ئەیالەتی ئاریزۆنا داوای لە یاسادانەران و کۆشکی سپیش کرد تا سەبارەت بەو زانیارییانە بە هێمنی و دان بە خۆداگرتنەوە بجوڵێنەوە و ڕاشیگەیاند: "جان بۆڵتۆن"ی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی  ئەمریکا و "تام کاتێن"ی سناتۆری کۆماریخواز دوو هۆکاری سەرەکیی بۆچوون و تێگەیشتنی نادرووست لەو زانیارییە نهێنییانەن.

گالگۆ هەروەها ڕۆژی شەممە لە تویتێکدا بە ڕەت کردنەوەی بانگەشەکانی کاتێن نووسی:  ئەو یەکجار مەسەلەی باروودۆخی ئێراق گەورە دەکاتەوە بۆ ئەوەی کاربەدەستانی ئەمریکایی بەرەو دەسپێکردنی شەڕ پاڵ پێوە نێت.

بە پێی ڕاپۆرتی واشینگتۆن پۆست؛ ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە "جان بۆڵتۆن"ی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی  و "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە لەبەر تەشەنەپێدانی کێشە و ناکۆکیی لەگەڵ ئێران گەلێک ناڕازییە.

پێشتر جان بۆڵتۆن بانگەشەی کردبوو کە ئەمریکا هەندێ زانیاری بە دەست گەیشتووە کە دەسەلمێنێ ئێران یان هێزێکی بریکاری ئەم وڵاتە بەنیازی پەلاماردانی قازانج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکان.

سیاسەت و کردەوە شەڕخوازانە و پڕ هەڕەشە و گوڕەشەکانی کۆشکی سپی، بەرەوڕووی کاردانەوەی نگەتیڤی کاربەدەستانی ئەمریکایی و هەروەها دەوڵەتانی ئەورووپایی بۆتەوە.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەردەوام جەختیان کردووە کە هەرچەشنە کردەوەیەکی شەڕخوازانەی ئەمریکا ، کاردانەوەی شیاوی خۆی بە دواوە دەبێ.

سەرپەیڤ