ته‌مووز 12, 2019 20:03 Asia/Tehran
  • ئەمریکا بانگەشەی کەم کردنەوەی ئاڵۆزی لەگەڵ ئێران دەکات

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: واشێنگتۆن بە ھۆی ھاوپەیمانەکانیەوە داوای کەم کردنەوەی ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی فارس ،«مۆرگان ئۆرتگاس» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا شەوی ھەینی لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: ئەمریکا بە ھۆی ھاوپەیمانەکانیەوە داوای لە ئێران کردووە  ئاڵۆزییەکان  کەم کاتەوەو دەست درێژی نەکاتە سەر ھاوپەیمانان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

ئۆرتگاس وتیشی: داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاش وتوویەتی کە بەبێ پێش مەرج ئامادەیە چاوی بە ئێرانییەکان بکەوێت و بەم پێیە ئێمە بەدووی ڕێگاچارەیەکی دیپلۆماسییەوەین.

ئەمریکا لەماوەی حەوتەکانی ئەم دواییە لە ئاراستەی ڕاپەڕاندنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار ڕووی لە ھەنگاوگەلێکی ورووژێنەری وەک  دانانی ناوی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە پێڕستی خۆی وتەنی تاقمە تیرۆریستییەکان، ناردنی پاپۆڕی جەنگیی ھەڵگری فڕۆکەی بۆمب ھاوێژو شەڕکەر بۆ ناوچەی کەنداوی فارس کردووە.

لە ھەنگاوێکی ورووژێنەرانەی تازەی ئەمریکاش دا فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی شۆڤاریی ئەو وڵاتە بیستەمی ژوئەن سنووری ئاسمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەزاند کە لە ناوچەی «چیای موبارەک»ی پارێزگای ھۆرمۆزگانی باشووری ئێران کەوتەبەر ھەڵمەتی چەکە دژە ئاسمانییەکانی ھەوافەزای سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و سەرنحون کرا.

«مۆرگان ئۆرتگاس» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو پرێس کۆنفرانسەی دا سەرباری بانگەشەی  کەم کردنەوەی ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران، ھەواڵی میدیاکانی لەمەڕ شیمانەی بایکۆت کردنی چین لە بەر کڕینی نەوتی ئێرانیشی ڕەت نەکردەوە.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند. ئەم گەمارۆیانە بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ سێرەی بۆ گەلی ئێران گرتووەو ھەرچەشنە چەواشەکارییەکی ئەمریکییەکانیش لەم بوارەدا لە ڕاستی دا پەلەقاژەیە بۆ پاساودانی ئەو ھەنگاوە دزێوەی لەلای بیروڕای گشتیی جیھان.

ئەو کارەی ترەمپ لەگەڵ ئیدانەکرانی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەوە و زۆرێک لە وڵاتان لەوانە ڕووسیا، چین،ھیند، عێراق و تورکیا  ڕایانگەیاندووە کە بایکۆتەکانی یەک لایەنەی ئەمریکا دژی ئێران پەیڕەو ناکەن و لە سەر ئاڵو وێری بازرگانیی خۆیان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبن.

سەرپەیڤ