ته‌مووز 18, 2019 08:54 Asia/Tehran
  • پەسەند کرانی گەڵاڵەی قەدەغەی فرۆشرانی چەکی ئەمریکا بە عەرەبستان

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە قەدەغەی فرۆشرانی ملیاران دۆلار چەک بە عەرەبستانی سەعودی و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکانی پەسەند کرد.

سێنای ئەمریکاش لە مانگی ژوئەنی ٢٠١٩ دەنگی دا بە ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی ئەمریکا لەمەڕ فرۆشتنی چەک بە عەرەبستانی سەعودی.

ئەمە دووھەمین جارە لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە کە کۆنگرێسی ئەمریکی پەسەندکراوەیەک دژی پەیوەندییە تایبەتییەکانی دەوڵەتی ترەمپ لەگەڵ عەرەبستان ئاراستە دەکات.

نوێنەرانی ئەمریکی لە مانگی ئاپریلی ڕابردووش دەنگیان دا بە کۆتایی ھاتنی ھاوبەشیی ئەمریکا لە شەڕی عەرەبستان دژی یەمەن.

نوێنەرانی ھەردووک پارتی کۆماریخوازو دیموکراتی ئەمریکی لەوەی کە عەرەبستان لە بەر دەست ھەبوونی لە کوشتنی جەماب خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگرو نەیاری عەرەبستانی سەعودی سزا نەدراوە توڕەن.

«مایک پەمپێئۆ» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا مانگی مای ٢٠١٩ ڕایگەیاند: بە پشتبەستن بە یاسای دۆخی نائاسایی ھاوپەیوەند بە فرۆشتنی چەک، ٢٢ گرێبەستی چەکەمەنیی ئەمریکا لەگەڵ عەرەبستان و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و ئەردەن داکۆکیی لە سەر دەکرێتەوە.

ئلیۆت ئەنجێل ئەندامی لێژنەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وتوویەتی: ناکرێ ماوە بە عەرەبستانی سەعودی بدرێت ھەتا بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی ئەمریکی ھەزاران کەسی سڤیل لە یەمەن دا قەڵاچۆ بکات.

بە پێی نووسینی ڕۆژنامەی ئەمریکیی نیۆیۆرک تایمز ھیچ بابەتێک لە بواری سیاسەتی دەرەوەیی بە قەدەر کێشەی عەرەبستان لە نێوان ترەمپ و کۆنگرێسی ئەمریکی مەوداو بۆشایی دروست نەکردووە.

جێگای ئاماژەیە ئەمریکا ھەر لە سەرەتای ھێرشی ھاوپەیمانیی سەعودی بۆ سەر وڵاتی بێ دەرەتانی یەمەن بە پێشکەش کردنی یارمەتیی لۆجیستیکی، ھەواڵگری و پشتیوانیی جەنگاوەرانە و فرۆشتنی چەک و چۆڵ بە عەرەبستانی سەعودی و ئیمارات پشتگریی لە ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری دژی یەمەن کردووەو لە بڵێسەسەندنی ئاگری شەڕ لەم وڵاتە دەستکورتە عەرەبییەدا ڕۆڵێکی کارای گێڕاوە.

سەرپەیڤ