ته‌مووز 20, 2019 17:28 Asia/Tehran
  • داواکاریی ئاڵمان و فەڕانسە بۆ ئازادکرانی نەوتهەڵگری بریتانیایی

ئاڵمان و فەڕانسە بەبێ ئاماژە بە چەتەگەریی دەریایی بەریتانیا لەمەڕ ڕاگرتنی کەشتیی ئێرانی لە گەرووی جەبل تارق، خوازیاری ئازادکرانی نەوتبەری بەریتانیایی ڕاگیراو بوون لەلایەن ئێرانەوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فەڕانسە، وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە رۆژی شەممە لەبەیاننامەیەکدا داوای لە بەرپرسانی ئێرانی کرد لەزووترین کاتدا ئەو نەوتبەرە بەریتانییەی رۆژی هەینی راگیراوە، ئازاد بکەن.

حکومەتی ئاڵمانیش لەهاوهەڵوێستبوونی لەگەڵ بەریتانیادا، خوازیاری ئازادکرانی نەوتبەرە ڕاگیراوەکەی ئەو وڵاتە لەلایەن ئێرانەوە بوو.

"جێرێمی هانت" وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەنوێترین کاردانەوە بە ڕاگیرانی نەوتهەڵگری ئەو وڵاتە ئیدیعای کرد، لەندەن لەهەوڵی دۆزینەوەی ڕێکارێکە بۆ چارەسەریی دۆسییەی ڕاگیرانی نەوتبەری ئێرانی لە جەبەل تارق بەڵام لەمەڕ ئاسایشی گەمییەوانیی خۆیەوە دڵنیا دەبێتەوە.

"سێرگئی فیشوف" ڕێکخەری کاروباری فدراسیۆنی نێونەتەوەیی کارمەندانی گواستنەوە لە ڕووسیا ڕایگەیاند: بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی شیاوی ئێران و ڕووسیا، پێمان وایە هیچ مەترسییەک نییە بۆ مەلەوانانی ڕووسیی نەوتبەرە ڕاگیراوەکە لە گەرووی هورموز و مەلەوانانی رووسی بەزوویی ئازاد دەکرێن.

پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی شەوی هەینی ڕابردوو ڕایگەیاند: نەوتهەڵگرێکی بەریتانی بەناوی "ستێنا ئیمپێرۆ" لەکاتی تێپەڕینی لە گەرووی هورموز لەبەر ئەوەی یاساوڕێسا نێودەوڵەتییە دەریاییەکانی لەبەرچاو نەگرتبوو، لەسەر داوای ڕێکخراوی بەندەرەکان و دەریاگەڕیی پارێزگای هورموزگان و لەلایەن یەکەی گەمییەوانیی ناوچەی یەکەمی هێزی دەریایی سپای پاسداران ڕاگیرا.

بەریتانیاش لە چواری ژوولای نەوتهەڵگری "گریسی یەک"ی هەڵگری نەوتی ئێرانی لە جەبەل تارق ڕاگرت و ئیدیعای کرد کە ئەو کەشتییە، بایکۆتەکانی یەکێتی ئوروپای بەزاندووە.

 

سەرپەیڤ