ئاب 07, 2019 14:39 Asia/Tehran
  • پێنتاگۆن بانگەشەی ترەمپ لە بارەی شکست پێ ھێنانی داعشی ڕەت کردەوە

سەرباری بانگەشەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە مەڕ شکست پێ ھێنانی داعش، وەزارەتی بەرەڤانیی ئەم وڵاتە«پێنتاگۆن» ڕایگەیاند کە، ئەندامانی ئەم تاقمە تیرۆریستییە ھێشتاش لە عێراق و سووریادا ئامادەن.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممەی ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا«پێنتاگۆن»، لە ڕاپۆرتی سێ مانگەی ھەژدەھەمین پشکێنەری گشتیی ئۆپراسیۆنی ڕێکاری بنەمایی (OIR) دا ھاتووە: چەکدارانی داعش بەردەوامن لە جێگۆڕکێیان لە سووریاو ڕەگ داکوتانیان لە وڵاتی عێراق دا.

ئۆپراسیۆنی ڕێکاری بنەمایی (OIR) ئۆپراسیۆنێکە کە سوپای ئەمریکا بانگەشە دەکات بۆ شکست پێ ھێنانی داعش لە ئوتی ٢٠١٦ەوە ھەتا ئێستا بەڕێوەی دەبات.

«جەیمز جفری» نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە سووریاش حەوتەی ڕابردوو ڕایگەیاند: نزیکەی ١٥ ھەزار چەکداری چالاکی داعش لە لە عێراق و سووریادا ئامادەن.

ڕاپۆرتەکەی فەرمیی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا«پێنتاگۆن» و جەیمز جفری لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دیسامبەری ساڵی ٢٠١٨ بانگەشەی کرد کە بە شکست ھێنانی تاقمی تیرۆریستیی داعش ئیدی لەشکریانی وڵاتەکەی لە سووریا دەکشێنەوە.

ئامادە بوونی لەشکریانی ئەمریکی لە سووریا لە ڕوانگەی شارومەندانی ئەمریکییەوە دیاردەیەکی بێزلێکراوە، بە جۆرێک کە بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، لە سەدا ٥٣ی ئەو خەڵکە نەیاری دەستوەردانی پێنج ساڵەی دەوڵەتی وڵاتەکەیان لە سووریان.

ھاوپەیمانیی ئەمریکی لە ئوتی ٢٠١٤ەوە ھەتا کۆتایی مانگی ئاپریلی ٢٠١٩ پتر لە ٣٤ ھەزار ھێرشی ئاسمانیی لە سووریاو عێراق ئەنجام داوە کە زۆربەی قوربانییەکانی خەڵکی سڤیل بوونە.

ئەمریکا چەندین ساڵە بە بیانووی خەباتی دژی تاقمە تیرۆریستییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی و بە بێ مۆڵەت وەرگرتن لە دەوڵەتی سووریا ھێزەکانی لەم وڵاتەدا مۆڵ داوە، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی دیمەشق گەلێک جار ئەو ھەنگاوانەی ئەمریکا لە سووریایان وەک داگیرکاری لێک داوەتەوەو ئیدانەیان کردووە.

سەرپەیڤ