ئاب 09, 2019 20:39 Asia/Tehran
  • دژایەتیی ڕێبەری زۆرینەی کۆماریخوازانی سێنای ئەمریکا لەگەڵ لێکدانەوەی خێرای گەڵاڵەی بەرتەسک کردنەوەی چەک

ڕێبەری زۆرینەی کۆماریخوازانی سێنای ئەمریکا ، داخوازیی پتر لە ٢٠٠ سەرۆکی شارەوانیی ئەم وڵاتەی لە بارەی تێپەڕاندنی خێرای گەڵاڵەی بەرتەسک کردنەوەی یاسای فرۆشتنی چەکی ڕەت کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز،«میچ مەک کانێل»ڕێبەری زۆرینەی کۆماریخوازانی سێنای ئەمریکا وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەم گەڵاڵەیەی ٢١٤ سەرۆکی شارەوانیی ئەم وڵاتە، ڕایگەیاند: ئەوانە دەبێ ھەتا گەڕانەوەی ئەندامانی سێنا لە پشووی ھاوینان ڕاوەستن.

ھاوکات لەگەڵ بەرپا کرانی خۆپیشاندانی جەماوەری ئەمریکا بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە ڕووداوی تەقەکردنەکەی ئەم دواییەو دژایەتی لەگەڵ یاسای ئاسانکاری بۆ کڕین و فرۆشتن و ھەڵگرتنی چەک لەم وڵاتە،٢١٤ سەرۆکی شارەوانیی ئەمریکا بە کۆماریخوازانیشەوە، لە ناومەیەک دا بۆ «میچ مەک کانێل»ڕێبەری زۆرینەی کۆماریخوازان و «چاک شومەر»ڕێبەری دیموکراتەکانی سێنای ئەمریکا، داوای پەسەند کرانی گەڵاڵەیەکیان کرد بۆ بەرتەسک کردنەوەی یاسای فرۆشتنی چەک و لێکدانەوەی پێشینەی کڕیارەکانی.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەم دواییەدا پرۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە ناوەندەکانی فرۆشتنی چەک ئەرکمەند دەکات بە لێکدانەوەی پێشینەی موشتەرییەکانیان بۆ دڵنیا بوون لە تەندروستیی ڕەوانییان بەرلەوەی کە چەکیان پێ بفرۆشن.

ئەم پرۆژەیاسایە دەبێ لەلایەن نوێنەرانی سێناشەوە پشتڕاست بکرێتەوە ھەتا بگاتە ئاستی ئاگادار کردنەوەی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا.

لە ساڵێکدا هەزاران کەس لە ئەنجامی تەقەکردن لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەمریکا دەکوژرێن و یان بریندار دەبن. بە پێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، نزیکەی 270 هەتا 300 ملوێن چەکی گەرم لە ئەمریکادا هەیە، واتە نزیکەی هەرکەسەو چەکێکی لەم وڵاتەدا بەردەکەوێت.

سەرباری داخوازیی تاقمە جۆربەجۆرەکانی لایەنگرو پارێزەری مافی شارومەندی لە ئەمریکا بۆ بەرتەسکی نواندن لەم بارەیەوە، کەچی لە بەر دەستەڵاتی لۆبیی چەک و چۆڵ هەتا ئێستا هیچکام لە دەوڵەتەکانی ئەمریکا نەیانتوانیوە یاسایەک لە بارەی بەرتەسک کردنەوەی فرۆشتنی چەک لەم وڵاتەدا دابنێن.

هەڵبەت داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئێستای ئەمریکا لەو لایەنگرە سەرەکیانەی چەک فرۆشانی ئەمریکی دێتە ئەژمار.

جێگای ئاماژەیە لەم دواییەدا سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ڕەوتی سەردانەکەی بۆ شاری «دەیتۆن»ی سەربە ئەیالەتی« ئۆهایۆ» لەگەڵ خۆپیشاندانی جەماوەری توڕەدا بەرەوڕوو بووەوە.«دەیتۆن» و«ئێل پاسۆ» لە ئیالەتی تەگزاس ڕۆژانی شەممەو یەکشەممەی ڕابردوو گۆڕەپانی تەقەیەکی خوێناوی بوون. تەقە کردن لەم دوو شارە 31 کوژراوو دەیان برینداری لێ کەوتەوە.

خۆپیشاندەران داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکایان بەوە تۆمەتبار کرد کە  لەبەر دەمهەراشیی ڕەگەزپەرستانەی، ڕادەی توندوتیژیی چەکدارانەو ئاڵۆزیی ڕەگەزی و سیاسیی لە ئەمریکادا پەرە پێ داوە.

سەرپەیڤ