ئاب 20, 2019 08:19 Asia/Tehran
  • زەریف: هەینی لە پاریس لەگەڵ مەکرۆن دیدارم دەبێ

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی ڕابردوو لە ستۆکهۆڵمی پێتەختی سوید ڕایگەیاند کە سەردانی پاریس دەکات و چاوی بە سەرۆک کۆماری فەرەنسا دەکەوێ.

بە پی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "محەممەد جەواد زەریف" لە کۆڕی ئێرانیانی دانیشتوویی سوید، بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە خۆی بە بێسوود وەسف کرد و رایگەیاند کە ڕۆژی هەینی لە پاریس لەگەڵ "ئیمانۆئێل مەکرۆن"ی سەرۆک کۆمار و "ژان ئیڤ لۆدریان" Jean-Yves Le Drian وەزیری دەرەوەی فەرەنسا  دیدار و وتووێژ دەکات.

زەریف هەروەها بە ئاماژە بە کەناڵی تایبەتی بازرگانیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران ناسراو بە "ئینستێکس" INSTEX وتی: ئینستێکس مێکانیزمێکی باشە بەو مەرجەی کە بخرێتە ڕێ.

ئەورووپا لە کاتی دانوستان لەگەڵ ئێران پاش چوونەدەری نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی بایکۆتە ئەتۆمییەکان، بەڵێنی دا مێکانیزمێکی دراویی تایبەت بۆ ناکاریگەر کردنی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران وەڕێخات.

ئەورووپا ٣١ی ژانڤییەی ٢٠١٩  پاش چەندین مانگ لە ئاکامدا، بە شێوەی فەرمی وەڕێخرانی ئینستێکسی ڕایگەیاند  بەڵام ئەم کەناڵە دراوییە تا ئێستا بە کردەوە وەڕێ نەخراوە.

زەریف شەوی ڕابردوو بە مەبەستی دیدار و تووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی سویدی لە هلسینکیی پێتەختی فەنلاندەوە خۆی گەیاندە ستۆکهۆڵم.

وەزیری دەرەوەی ئێران پاش سوید سەردانی نەرویژیش دەکات.