ئاب 21, 2019 10:04 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی سۆئێد : ئوروپا دەبێ لەپێناو جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەوڵ بدات

وەزیری دەرەوەی سۆئێد رۆژی سێ شەممە داخ ومەخابنی دەربڕی لە چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و داوای لە وڵاتانی ئوروپایی کرد بۆ جێ بەجێ کرانی بەتەواوەتی ئەو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە، بێ ووچان هەوڵ بدەن.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران؛ "مارگوت والستروم" پاش دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ستۆکۆڵم لەنێو پەیامنێراندا و لە وەڵامدانەوە بە پرسیارێک لەبارەی ئەگەری ڕزگارکرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتی: ئوروپییەکان دەبێ ئەو پەڕی هەوڵیان بدەن هەتا دڵنیا بن لەوەی پشکی خۆیان جێ بەجێ کردووە هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران.

والستروم وتیشی: پێویستە ئوروپییەکان بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی وهەروەها جێ بەجێ کردنی وادەو بەڵێنیەکانیان هاوپێوەند بە ڕێککەوتنەکە، رێکارگەلێک بدۆزنەوە.

ئاڵمان ، بەریتانیاو فەڕانسە پاش چوونەدەری نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەڵێنیان دا بە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ئابوریەکانی ئێران، ئەو ڕێککەوتنە بپارێزن. ئەو وڵاتانە سەرباری خۆڕاگریی زارەکی و سیاسی لەهەمبەر کردەی ئەمریکا تائێستا هیچ سەرکەوتنێکی بەکردەیی بەڵێن پێدراویان بۆ پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە بەدەست نەهێناوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەشتی مای٢٠١٩، ساڵێک پاش چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پاش سەلماندنی ناکارامەیی ڕێکارە پێشنیارکراوەکانی ئوروپا بۆ قەرەبووی شوێنهاتە ئابوریەکانی چوونەدەری واشنگتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕایگەیاند، بەشێک لە وادەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی خۆی بەگوێرەی بڕگەکانی٢٦و٣٦ی ئەو ڕێککەوتنە هەڵدەپەسێرێ. تێپەڕین لەئاستی پیتاندنی٣.٦٧ لەسەت و ڕادەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی دیاریکراو لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا، لە وێنەی ئەو وادەو بەڵێنیانە بوو.

یەک لە هەنگاوە بەڵێن پێدراوەکانی ئوروپییەکان لە ڕەوتی دانوستان لەگەڵ ئێراندا پاش چوونەدەری نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە هێشتا پراکتیکی نەکراوە، ئینستێکسە.