ئاب 21, 2019 19:12 Asia/Tehran
  • خۆبواردنی نیوزیلەند لە پەیوەست بوونی بە ھاوپەیمانیی دەریایی ئەمریکا لە کەنداوی فارس

نیوزیلەند لە پەیوەست بوونی بە ھاوپەیمانیی دەریایی ئەمریکا لە کەنداوی فارس خۆی بوارد.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی ئیرنا، «ڕۆن مارک» وەزیری بەرەڤانیی نیوزیلەند ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: سەرباری پێداگرتن و وتووێژی بریتانیا بۆ پەیوەست بوون بە ھاوپەیمانیی دەریایی ئەمریکا لە کەنداوی فارس، ولینگتێن بەشداریی ئەو ھاوپەیمانییە ناکات.

ئەمریکا لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە بە مەبەستی توندکردنەوەی گوشارەکانی سەر ئێران، ئامادە بوونی سەربازییانەی خۆی لە ناوچەی کەنداوی فارس دا پەرە پێ داوەو ڕایگەیاندووە کە بە نیازی پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکی سەربازییە لە کەنداوی فارس دا.

باسی گەڵاڵەی ناسراو بە ھاوپەیمانیی دەریایی لە کەنداوی فارس چەند حەوتەیەکە کە لە لایەن کۆڕوکۆمەڵە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا ھاتووەتە ئاراوەو دەوڵەتی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە وێڕای بانگێشتن کردنی شەست وڵات، ھەوڵێکی بەربڵاوی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم گەڵاڵەیە خستووەتە گەڕ.

بێجگە لە ڕژێمی زایونی و وڵاتانێکی وەک بریتانیا، زۆربەی ھەرە زۆری وڵاتانی ئەورووپی و تەنانەت دۆستان و ھاوپەیمانەکانی ئەمریکاش لە بارەی ئەم گەڵاڵەیە کاردانەوەیەکی ساردوسڕیان لە خۆیان پیشان داوەو لەم بوارەدا حەز بە ھاوتەریبی لەگەڵ ئەمریکادا ناکەن.

«سەیید عەبباس موسەوی» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتر وتبووی، ئامادە بوونی ھێزە واوەناوچەییەکان لە کەنداوی فارس لەژێر ھەر ناووناتۆرێکدا بێت، نەک ھەر ھیچ یارمەتییەکی بەھێز بوونی ئاسایشت لەم ناوچەیەدا نادات، بەڵکو زیاتر لە ھەرکاتێکی دیکە بەستێن بۆ ئاڵۆزی و قەیرانی زیاتر لە ناوچەی ھەستیاری کەنداوی فارسیش خۆش دەکات.