ئاب 22, 2019 20:28 Asia/Tehran
  • کۆریای باکوور: پیونگ یانگ حەز بە بەردەوام کردنی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا ناکات

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆریای باکووری وشداری دا: ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە سەر سیاسەتەکانی دوژمنکارانەی، پیونگ یانگیش کۆتایی بە دانوستانەکانی لەگەڵ واشێنگتۆن دێنێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیانەی فەرانسا،ھاوکات لەگەڵ سەردانەکەی «ستیفان بیگن» ناردراوی تایبەتیی ئەمریکا بۆ دوو وڵاتی ژاپۆن و کۆریای باشووری،وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆریای باکووری ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: ئەم وڵاتە حەز بە بەردەوام کردنی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا ناکات، مەگەر ئەوەی کە واشێنگتۆن سیاسەتەکانی ملھوڕانەی ڕابگرێت.

لە ئێستادا مەشقی هاوبەشی سەربازیی ساڵانەی نێوان ئەمریکا و کۆریای باشور، پیونگ یانگی توڕەکردووە و بەهەڕەشە بۆ خاکی وڵاتەکەی دەزانێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە «ستیفان بیگن» ناردراوی تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری کۆریای باکوری کە ئێستا بەگەشتێکی سێ رۆژە لەسیئۆلی پایتەختی کۆریای باشورە،رایگەیاندووە:  ئەمریکا ئامادەیە بۆ پەیوەندی کردن و دەستپێکردنەوەی  دانوستانەکان بە مەرجێک پیۆنگ یانگ بۆ ئەم کارە ئامادە بێت.

لەبەرامبەردا ئەمڕۆ پێنج شەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوری رایگەیاندووە: تاقیکردنەوەی موشەکی مامناوەند لەلایەن ئەمریکاو و ناردنی فڕۆکەی (F-35) بۆ ناوچەکە هەنگاوی مەترسیداری سەربازین و دۆخی دانوستان و گفتوگۆ بێ مانا دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوری راشیگەیاندووە: ئەوان سورن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بەرێگای ئاشتیانە بەڵام هەنگاوەکانی ئەمریکا وایان لێ دەکات ڕاستبیانەتر چاو لە دۆخەکە بکەن.

جێگای ئاماژەیە ، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکاو کۆریای باکووری لە سەر پرسی ناڤۆکیی شێوەدوورگەی کۆریا لە کاتی بەرپاکرانی خولی دووھەمی وتووێژەکان لە ھانۆی پێتەختی ڤییەتنام لە مانگی فڤریەدا پەکی کەوتووە.