ئاب 23, 2019 08:34 Asia/Tehran
  • زەریف گەیشتە پاریس؛ پێشنیاری بەرجامیی مەکرۆن تەوەرەی بەرباس

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێوارەی پێنجشەممە بە مەبەستی دیداری و وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی فەرەنسی لە ئۆسلۆی پێتەختی نەرویژ خۆی گەیاندە پاریسی پێتەختی فەرەنسا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان پاش سەفەر بۆ سێ وڵاتی ناوچەی نۆردیک گەیشتە پاریسی پێتەختی فەرەنسا؛ جێگایەک کە بڕیارە لەوێدا پێشنیارەکەی سەرۆک کۆماری فەرەنسا سەبارەت بە پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بخرێتە بەر باس و ڕاوێژ.

"محەممەد جەواد زەریف" بڕیارە  ئەمڕۆ هەینی لە پاریسدا لەگەڵ "ئیمانۆئێل مەکرۆن"ی سەرۆک کۆمار و "ژان ئیڤ لۆدریان"ی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دیدار و وتووێژ بکات.

"ئیمانۆئێل مەکرۆن"ی سەرۆک کۆماری فەرەنسا ڕۆژی چوارشەممە وتبووی: پێش کۆبوونەوەی گرووپی ٧ لە دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران هەندێ پێشنیار دێنینە ئاراوە بۆ کەم کردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان واشینگتۆن و تاران. دوابەدوای چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی رابردوودا و گەڕانەوەی بایکۆتە نەوتییەکان بۆ سەر ئێران، سێ وڵاتی ئەورووپایی (فەرەنسا، ئەڵمان و بەریتانیا) نەیارەتییان کرد لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا. ئەم وڵاتانە دەڵێن خوازیاری مانەوە و پارێزرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانن. مەکرۆنیش جەختی کردووە کە دیپلۆماسی تەنیا ڕێگاچارەیە بۆ نەهێشتنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان واشینگتۆن و تاران. ناوبراو لە ماوەی چەن مانگی رابردوودا دوو جار راوێژکاری تایبەتی خۆی واتە " ئیمانۆئێل بۆن"ی ناردووە بۆ تاران.

زەریف یەکشەممەی ئەم هەفتەیە لە سەروی شاندێکی سیاسییەوە گەیشتە فەنلاد و شەوی سێشەممەیش لە کۆڕی ئێرانیانی دانیشتووی سوید وتاری ئاراستە کرد. وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ سەرۆک وەزیران، وەزیری دەرەوە و سەرۆک پەرلەمانی سوید دیداری کرد.

پاشان وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی هاوڕێی خۆیان گەیاندە نەرویژ و لەوێدا زەریف لەگەڵ "ئێرنا سولبێرگ" Erna Solberg سەرۆک وەزیران،  "ئینه ئێریکسون سوریده" Ine Eriksen Søreide وەزیری دەرەوە  و  "ئانیکا هاتفیڵد"ی سەرۆکی کۆمیسیۆنی سیاسەرتی دەرەوە و بەرەڤانیی پەرلەمانی نەرویژ دیدار و وتووێژی کرد.

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران بە مەبەستی لێکدانەوەی پێوەندییە دوولایەنەکان و هەروەها شی کردنەوەی سیاسەتەکانی تاران لەهەمبەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ڕووداو و گۆرانکارییەکانی ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا سەردانی ئەم چوار وڵاتە ئەورووپاییەی کردووە.