ئاب 23, 2019 12:00 Asia/Tehran
  • ڕێکخراوی نەتەوەکان: هیندستان دەبێ کۆتایی بێنێ بە سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کەشمیر

پێنج کارناسی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان رۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە دەوڵەتی هیندستان کرد کۆتایی بێنێ بە سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کەشمیری ژێری دەسەڵاتی ئەم وڵاتە.

بە پێ ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ ئەم پێنج کارناسە لەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژە بە پچڕانی هەموو هێڵەکانی ئینتێرنێت و تەلەفوون لە ناوچەی کەشمیری ژێری کۆنترۆڵی هیندستان راشکاوانە رایانگەیاند کە بڕانی هێڵەکانی نێت و تەلەفوون لە کەشمیر لە لایەن دەوڵەتی هیندستانەوە ، چەشنێک سزادانی بە کۆمەڵ دێتە ئەژمار و دژ بە یاسا و ڕیسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئەو پێنج کارناسە هەروەها نیگەرانییان دەربڕیوە بەرامبەر بە راگەیەندرانی دۆخی نائاسایی و دابەزاندنی یاسا و ڕێسای قەدەغەی هاتووچۆ لە ناوچەی کەشمیر.

دەوڵەتی هیندستان دووشەممە ٥ی ئاگوست، دەسەڵاتە تایبەتەکانی ناوچەی کەشمیری ژێر کۆنترۆڵی ئەم وڵاتەی هەڵوەشاندەوە. دەوڵەتی دێهلی نوێ پاشان بۆ پێشگری بە ناڕەزایەتی دەربڕینی جەماوەری کەشمیر، هەموو خوێندنگە و زانکۆکانی داخست و هێڵەکانی ئینتێرنێت و تەلەفوونی ئەو ناوچەیەشی بڕی.

بە هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتە تایبەتەکانی کەشمیری ژێر کۆنترۆڵی هیندستان لە لایەن پەرلەمانی ئەم وڵاتەوە کە بە دەستی پارتی دەسەڵاتدار واتە "بەهاراتیا جاناتا" (بی جی پی)ـوەیە، باروودۆخ بۆ کەشمیرییەکانی نێو هیندستان دژوارتر بووە و هەلیش ڕەخساوە بۆ هیندووەکان بۆ ئەوەی بە هاسانی بتوانن کۆچ بکەن بۆ کەشمیر و لەوێدا خەریکی کڕین و فرۆشتنی زەوی و زاری کەشمیرییەکان بن.

کەشمیرییەکانی هیندستان ئەو کردەوە و  هەنگاوەکانی دیکەی ئەمدواییەی دێهلی نوێ لەو ناوچەیە بە لەونێک بە ڕاگەیاندنی شەڕی دژ بە خۆیان وەسف دەکەن.

دەوڵەتی پاکستان لە کاردانەوە بە کردەوە دوژمنکارانەکانی هیندستان دژ بە کەشمیرییەکان، "ئاجی بێساریا" باڵیۆزی هیندستان لە ئیسلام ئابادی وەدەرنا و پێوەندیی بازرگانی خۆی لەگەڵ ئەم وڵاتە هەڵپەساردووە.

بەشێک لە کەشمیر لە خاکی هیندستاندایە و بەشێکی دیکەیشی لە خاکی پاکستاندایە بەڵام هەر دوو وڵات بانگەشە دەکەن کە خاوەنی هەر هەموو خاکی کەشمیرن.

کێشەی نێوان هیندستان و پاکستان لە سەر کەشمیر لە کاتێکدایە کە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان سوور و پێداگرە لە سەر پێویستیی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بۆ دیاری کرانی چارەنووسی ئەم ناوچەیە.