ئاب 23, 2019 12:00 Asia/Tehran
  • توند و تیژی جنسی بەربڵاوی هێزە سەربازییەکانی میانمار دژ بە موسڵمانانی ڕووهینگیایی

لێژنەی راستیدۆزی ڕێکخراوی نەتەوەکان رۆژی پێنجشەممە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانی میانمار بە شێوەیەکی توند و تیژ و بەربڵاو دەسدرێژی جنسی دەکەنە سەر موسڵمانانی ڕووهینگیایی.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران ، لێژنەی راستیدۆزی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەو راپۆرتدا؛ توند و تیژیی جنسیی بەربڵاوی هێزە سەربازییەکانی میانمار دژ بە موسڵمانانی ڕووهینگیایی ئیدانە کرد و راشکاوانە رایگەیاند: ئەو توند و تیژییانە نموونەی جەنایەتی جەنگی و جەنایەتی دژ بە مرۆڤایەتی دێنە ئەژمار.

لێژنەی راستیدۆزی ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕایگەیاند؛ هێزە سەربازییەکانی میانمار بە شێوەی سیستماتیک دەسدرێژی، دەسدرێژی بە کۆمەڵ، و کردەوەی جنسیی پڕ و توند و تیژی بە زۆرەملیی دیکەیان دژ بە کچان، کوڕان، پیاوان و ژنانی ڕووهینگایی ئەنجام داوە و کە ئەوە بە تەواوەتی دژ بە یاسا و ڕێساکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییە.

ڕێکخراوی نەتەوەکان پێشتریش رایگەیاندبوو کە سوپای میانمار لە دووی پاکتاوی ڕەگەزی و ژینوساید لەو وڵاتەدایە.

بە پێی ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٥ی ئاگوستی ٢٠١٧ـەوە تا ئێستا کە توند و تیژیی سوپای میانمار و بوداییە توندڕەوەکان دژ بە موسڵمانانی ڕووهینگیا لە پارێزگای راخین هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای ئەم وڵاتە پەرەی سەندووە، زیاتر لە شەش هەزار موسڵمانی ڕووهینگیایی کوژراون و ٨ هەزار کەسیشیان بریندار بوونە. زیاتر لە یەک ملوێن کەس لە کەمینەی موسڵمانی ڕووهینگیاییش لە ترسی گیانیان هەڵاتوون بۆ بەنگلادێش.

پارێزگای راخین لەساڵی٢٠١٢وە شایەتی پەلامارەکانی سوپای میانمار و بوداییە توندڕەوەکان لەدژ موسڵمانانی رۆهینگیایە. یەک ملوێن موسڵمانی رۆهینگیا لە مافی شارومەندیی لەمیانمار بێ بەشن.