ئه‌یلوول 13, 2019 14:04 Asia/Tehran
  • واشینگتۆن: سیاسەتی زیاترین گوشار لە سەر ئێران هەر درێژەی دەبێ

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سیاسەتی زیاترین گوشار لە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بەردەوام دەبێ.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ "مۆرگان ئۆرتاگۆس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە وتی کە  سیاسەتی زیاترین گوشار لە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بەردەوام دەبێ، بەڵام "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکایش ئامادەی دیدار لەگەڵ "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئێرانە.

"ئستیڤێن منوچین" وەزیری خەزانەداریی ئەمریکایش لەم بارەوە وتی: مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوە، من و ئەندامانی دیکەی لێژنەی ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمریکا خەریکی جێبەجێ کردنی ستراتژیای زیاترین گوشاری دژ بە ئێرانین.

وەزیری خەزانەداریی ئەمریکا  هەروەها سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی دیدار لە نێوان ڕۆحانی و ترەمپ لە ڕێکخراوی نەتەوەکاندا وتی: سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتوویەتی کە ئامادەیە بۆ دیداری بە بێ پێشمەرج لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران.

قسە و لێدوانەکانی "ئستیڤێن منوچین" و "مۆرگان ئۆرتاگۆس" سەبارەت بە  هۆگریی ترەمپ بۆ دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی لە کاتێکدایە کە "دۆناڵد ترەمپ" لە کۆڕی هەواڵنێراندا لە کۆشکی سپی بانگەشەی کرد کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیاری دیدار لەگەڵ ئەون.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا و کاربەدەستانی باڵای دەوڵەتەکەی لەوان "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، لە ماوەی چەن مانگی رابردوودا لە وتاردانەکانیاندا و یان لە تویتەکانیاندا بە ئاشکرا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خوازیاری دانوستان لەگەڵ ئێران بوونە.

وێڕای هۆگریی دەربڕینی ئەمریکا بەرامبەر بە دانوستان لەگەڵ ئێران، کاربەدەستانی ئێران بەردەوام جەختیان کردووە هەتا ئەو کاتەی کە واشینگتۆن درێژە بدات بە دوژمنایەتییەکانی  و سیاسەتی زیاترین گوشار دژ بە ئێران، لەگەڵ ئەم وڵاتە دانوستان ناکەین.

سەرپەیڤ