ئه‌یلوول 29, 2019 12:32 Asia/Tehran
  • مێدیایەکی ئەمریکایی: بایکۆت کردنی ئێران کەڵک وەرگرتنی نادرووست و نالەبار لە دەسەڵاتە

گۆڤارێکی ئەمریکایی شەڕی ئابووریی واشینگتۆن دژ بە ئێرانی بە چەشنێک کەڵک وەرگرتنی نادرووست و نالەبار لە دەسەڵات زانی کە دەبێ خێراتر کۆتایی بێ.

دوومانگنامەی "ئەمێریکەن کانسێرڤاتیڤ"  The American  Conservative لە ڕاپۆرتێکدا بە ناوی "شەڕی ئابووریی دژ بە ئێران کۆتایی پێ بێنن" بە ئاماژە بە هەوڵی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵ کردنی تۆڕە دراوییە نێودەوڵەتییەکان و سزادانی تاکەکان، وڵاتان و کۆمپانیاکانی هاوکاری بازرگانیی ئێران نووسی: دەوڵەتی ترەمپ بە کەمپەینی زیاترین و توندترین گوشار، ئێرانی گەمارۆی ئابووری داوە و ئەوەش بە پێی  یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان کردەوەیەکی جەنگی دێتە ئەژمار.

ئەو گۆڤارە ئەمریکاییە نووسییەتی: لە راستیدا سیاسەتی ئێمە ، وڵاتێک بە ٨٠ ملوێن حەشیمەتەوە دەخاتە بن گەمارۆیەکی مۆدێڕنەوە و کاتێکیش کە دەوڵەتی ئێران کاردانەوە نیشان دەدات، دەوڵەتی ترەمپ وادەنوێنێ کە سەری سووڕماوە لەو کاردانەوەیە.

"ئەمێریکەن کانسێرڤاتیڤ"  ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە: بێ گومان یەکەم قوربانیانی شەڕی ئابووریی دەوڵەتی ترەمپ دژ بە ئێران، هەژارترین و بێ دەسەڵاتترین چینی کۆمەڵگای  ئێران و هەروەها ئەو نەخۆشانەن کە پێویستیان بە دەرمانی دەگمەن  و گرانە.

ئەم گۆڤارە ئەمریکاییە پێی داگرت: ئەم شەڕە دەبێ هەرچی خێراتر کۆتایی بێ لەبەر ئەوەی کە تەنیا ئەو کاتە دیپلۆماسییەکی راستینە دەتوانێ بێتە ئاراوە.

دەوڵەتی ئەمریکا لە ٨ی مانگی مەیی ٢٠١٨ـەوە دوابەدوای چوونەدەری یەکلایەنە و نەیاری بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، توندترین بایکۆتی ئابووری بە سەر گەلی ئێران داسەپاندووە.

سەرپەیڤ