تشرینی یه‌که‌م 02, 2019 12:18 Asia/Tehran
  • ترامپ دیموکراتەکانی تۆمەتبار بەکودەتا کرد

سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەوڵی دیموکراتەکانی کۆنگرەی ئەو وڵاتە بۆ لێپێچینەوەو لەسەر دەسەڵات لابرانی، بە کودەتا ناوبرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە پەیامێکی توئیتەریدا نووسی: "ئەوەی وا لە کۆنگرە خەیکە ڕوو دەدا، لێپێچینەوە نییە، بەڵکوو کودەتا لەدژ دەسەڵاتی جەماوەرە".

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەزۆرینەی دیموکراتەکان پاش لەقاودانی پەیوەندیی تەلەیفونیی ترامپ لەگەڵ "ڤلۆدیمیر زلێنسکی" سەرۆک کۆماری ئۆکراین، بەفەرمیی لێکۆڵینەوەی بەریایی بۆ لێپێچینەوە لەترامپ دەس پێ کردووە.

سکاڵای کارمەندێکی بەشی هەواڵگریی لەقاودەر بە پشکێنەری گشتیی دەزگە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندیی تەلەیفونیی ترامپ لەگەڵ زلێنسکی، کەوتووەتە ناوەندی لێکۆڵینەوەی دیموکراتەکان.

ئەو پەیوەندییە تەلەیفونییە، بواری بۆ سکاڵای لەقاودەرێک لەجەستەی حکومەت خۆش کردو ئێستا ترامپی بەرەوڕووی مەترسیی لێپێچینەوە کردووە.

بۆ لەسەر دەسەڵات لابردنی ترامپ، ٦٧ کەس لە ١٠٠ ئەندامی سێنا(ئەنجومەنی پیران) دەبێ دەنگ بەتاوانباربوونی بدەن.

کۆمارییەکان پەنجاو سێ کورسییان لە سێنادا هەیە کە ئەو ڕێژە بۆ دیموکراتەکان چل و پێنج کورسییە.هەروەها دوو نوێنەری سەربەخۆ لەو ئەنجومەنەدا هەن کە بەشێوەی باو هاودەنگ لەگەڵ دیموکراتەکان دەنگ دەدەن.

"جێفری فلەیک" سێناتۆری کۆماریخوازی پێشووی ئەمریکا حەوتەی ڕابردوو وتی کە لانیکەم سی و پێنج سێناتۆری کۆماریخواز بێتوو دەنگی مافی دەنگدانی نهێنیان هەبێ، دەنگ بە لێپێچینەوەی ترامپ دەدەن.

سەرپەیڤ