تشرینی یه‌که‌م 23, 2019 16:43 Asia/Tehran
  • پشتگریی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمانیا لە پێکھاتنی ناوچەی ئارامی نێونەتەوەیی لە باکووری سووریا

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمانیا، پشتگریی لە پێشنیاری پێکھاتنی ناوچەی ئارامی نێونەتەوەیی کرد لە باکووری سووریا.

بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرەنسا،ھایکۆ ماس  وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمانیا ڕایگەیاند: لەم بارەیەوە کە دەبێ ناوچەیەکی ئارامی نێونەتەوەیی لە باکووری سووریا دامەزرێت، ھیچ کێشەیەک لە نێوان ئەورووپییەکان نییە.

ھایکۆماس وتیشی: پێشنیارەکەی «ئانگرت کرامپ مارێن باوئێر» وەزیری بەرەڤانیی ئاڵمانیا لە مەڕ پێکھاتنی ناوچەیەکی ئارامی نێونەتەوەیی لە باکووری سووریا بڕێک لە ھاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئەم وڵاتەی ورووژاندووە.

«ئانگرت کرامپ مارێن باوئێر» وەزیری بەرەڤانیی ئاڵمانیا ڕۆژی دووشەممە بە مەبەستی کەم کردنەوەی ئاڵۆزییەکان، داوای پێکھاتنی ناوچەیەکی ئارامی نێونەتەوەیی کرد بوو لە باکووری سووریا بە بەشداریی تورکیاو ڕووسیا.

ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێشنیاری پێکھاتنی ناوچەیەکی ئارامی نێونەتەوەیی لە باکووری سووریا بڕیارە لە دانیشتنی داھاتووی وەزیرانی بەرەڤانیی ڕێکخراوەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی«ناتۆ» ٢٤و ٢٥ی مانگی ئۆکتۆبەر لە برۆکسێڵ تاوتوێ بکرێت.

بە قسەی مارک ئیسپەر وەزیری بەرەڤانیی ئەمریکاو لە نەیارانی ئەم پێشنیارە، ئەمریکا لە پێکھاتنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا بەشداری ناکات.

سوپای تورکیا لە ڕۆژی چوارشەممەوە نۆھەمی ئۆکتۆبەر لە ئەنجامی سەرشۆڕکردنی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھەمبەر پێداگرییەکانی دەوڵەتی دادوگەشەی ئانکارا، بە بیانووی خۆی وتەنی خەباتی دژی تیرۆریزم و پاکتاوکردنی سنوورەکانی نێوان سووریاو تورکیا لە شەڕڤانانی کورد ، بە فەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ھەڵیکوتاوەتە سەر باکووری سووریا .

 

سەرپەیڤ