تشرینی دووه‌م 22, 2019 16:22 Asia/Tehran
  • رەخنەو گازندەی ڕووسیا لە بانگەشەی ناڕاستی ئەمریکا سەبارەت بە داکۆکی کردنی لە گەلی ئێران

ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی "دۆناڵد ترامپ"دا بە سەپاندنی هەڵوێستی ئەوپەڕی گوشار دژبە ئێران کە بۆ وێنە جێ بەجێ کرانی کەم وێنەترین بایکۆتکاری دژبە ئێران دەگرێتەخۆ، دوژمنایەتی کردنی گەلی ئێرانی زیاتر لە ڕابردوو پێشان داوە.

بەم حاڵەشەوە بەرپرسانی باڵای ئەمریکی بەردەوام باس لە داکۆکیی کردنی گەلی ئێران دەکەن، ئەوەش کاردانەوەی ڕەخنەگرانەی ڕووسیای لێکەوتووەتەوەو مۆسکۆ ڕایگەیاندووە کە سەری سوڕماوە لە بانگەشەی ئەمریکا سەبارەت بە داکۆکی و پاڵپشتی کردن لە گەلی ئێران.

"ماریا زاخارۆوا" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا رۆژی پێنج شەممە٢١ی نۆڤمبەر لە کاردانەوە بە ئیدیعای "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمەڕ داکۆکی لە خەڵکی ئێران، وتی: واشنگتۆن هۆکاری هاتنەدی زۆربەی گرفتەکانی ئێستای گەلی ئێرانە.

زاخارۆوا وتی: "ئیدیعاکانی پۆمپێئۆ ئێمەی سەرسوڕماو کرد، چونکە بەشی زۆری ئەو بابەتانەی بووە بەهۆی دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان و پرسەکانی دیکە لە ئێراندا، ئەو کردانەیە کە خودی ئەمریکا دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامی داوە".

زاخارۆوا هەروەها بیری خستەوە کە وەرگرتنی دەواو دەرمان، خۆراک و گشت کاڵاو شتومەکی زەرووری مافی خەڵکی ئێرانەو ئەمریکا بەو کردانەی ئەو مافگەلەی بن پێ کردووە.

پاش بشێویەکانی ئەم دواییە لە ئێران، حکومەتی ترامپ کە وێڕای کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بایکۆتی یەکلایەنەو کەم وێنەی دژ بە ئێران سەپاند، ڕۆڵی دڵسۆز و پەرۆشی گەلی ئێران دەبینێ و ئیدیعا دەکا، لەوەی وا بەسەر ئێراندا تێدەپەڕێ بەپەرۆش و دڵگرانە.

پۆمپێئۆ سەرلەئێوارەی ڕۆژی شەممە لە پەیامێکی توئیتەریدا بانگەشەی داکۆکیی واشنگتۆن لە گەلی ئێرانی هێنایەئاراوەو وتی: ئەمریکا دەنگی خەڵکی ئێران دەبیستێ و پاڵپشتیان لێ دەکا.

ئەوە لەکاتێکدایە کە حکومەتی ترامپ هەموو هەوڵی خۆی خستووەتەگەڕ هەتا زەخت وگوشار لەسەر ئێران زیادبکا هەتا بە بۆچوونی خۆی، تاران ناچار بکا لەهەمبەر داواکارییە ناڕەواکانی واشنگتۆن بەچۆکدا بێ. بەجۆرێک کە ئەو زەخت وگوشارانە بوونەتە هۆ هەتا فرۆشتن و گواستنەوەی دەرمان وکاڵا مرۆییەکان بۆ ئێران بەرەوڕووی گرفت بێ و نەخۆشانی جۆراوجۆر بەتایبەت کەسانی تووشبوو بە نەخۆشییە بێ چارەسەرەکان لە ناوخۆی ئێران، بەوهۆیەوە لەئازار دان.

ترامپ لەهەمان کاتدا بەرتەسکی قورسی داناوە لەهەمبەر چوونی شارومەندانی ئێرانی بۆ ئەمریکا کە تەواو لەدژ ئیدیعای پۆمپێئۆیە بۆ داکۆکی لە خەڵکی ئێران. ئەو مەسەلە واتە ڕەوتی دوو فاقیی ئەمریکا لە هەڵس وکەوت کردن لەگەڵ گەلی ئێران ، بەتەواوەتی کەوتووەتە بەر سەرنجی ڕووسیا.

ترامپ بەڕاگەیاندنی هەواڵی چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕاندنەوەی بایکۆتە ناڤۆکییەکان دژ بە ئێران، شەڕی ئابوری بەمەبەستی پەرەپێدانی هەژاریی و نائارامیی لە ئێراندا هەڵایساندووە، ناوبراو و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەمریکی بەجاران باسی پێویستیی گوشارخستنەسەر خەڵکی ئێرانیان کردووە هەتا بە بۆچوونی خۆیان لە چوارچێوەی "سیاسەتی هەژاریی و سەرهەڵدان"ی خەڵکی ئێران و نیزامی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی یەکتری بکەنەوە.

ئەو پرسە پێشاندەری ڕق و نەفرەتی زۆری ترامپ لە گەلی ئێرانە لەبەر بێ ئاکامبوونی لە هاوڕەوت کردنی ئێرانیەکان لەگەڵ پەلەقاژەکانی بۆ شکست هێنان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بەڵام سەرباری زەخت و گوشاری کەم وێنەی ئەمریکا، گەلی ئێران لەچوار دەیەی ڕابردوودا هەردەم لەهەمبەر ئەو زەخت وگوشارانە خۆڕاگربووە. ئەوە ئەو بابەتەیە کە تەنانەت شرۆڤەکارانی ئەمریکیش دانیان پێداناوە.

سەرپەیڤ