کانونی یه‌که‌م 06, 2019 19:53 Asia/Tehran
  • بەردەوامیی ناڕەزامەندییەکان بەرامبەر بە گۆڕدرانی داب و نەریتی خانەنشینی لە فەرەنسا

مانگرتن و خۆپیشاندان بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە گۆڕدرانی داب و نەریتی خانەنشینی لە فەرەنسا ھەروا بەردەوامە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنیی فرانس ٢٤، کارمەندانی کۆمپانیای نیشتیمانیی ڕێگای ئاسنی فەرەنساو گواستنەوەی پاریس ئەمڕۆ ھەینیش بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە ھەموارکرانی سیستێمی خانەنشینی لە فەرەنسا، مانیان گرت و خۆپیشاندانیان بەڕێوە یرد.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، چالاکیی لەسەدا نەوەدی شەمەدەفەرە توندئاژۆکان و لە سەدا حەفتای شەمەندەفەری ئێکسپرێسی خۆجێیی ڕۆژی ھەینی ھەڵوەشایەوەو نۆ ھێڵی میترۆش داخرا. لە ھەر سێ شەمەندەفەرێکی ئێکسپرێسیش تەنیا یەکێکیان چالاک بوو.

لە بەر مانگرتنی مامۆستایانیش دۆخی قوتابخانەکانی فەرەنساش گەلێک شپرزەیە.

خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەری لە فەرەنسا ڕۆژی پێنج شەممەش بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە گەڵاڵەی ھەموار کردنی سیستێمی خانەنشینی لەم وڵاتە بەڕێوە برا.

دەوڵەتی فەرەنسا بەنیازە بۆ قەرەبوو کردنەوەی بوجە ھێندێک ئاڵ و گۆڕ لە سیستێمی خانەنشینی دا بەدی بێنێ کە ئەمەش داگری زیاد کردنی ماوەی خزمەت کردن و کەم کردنەوەی موچەی خانەنشینەکانە.

دەوڵەتی فەرەنسا لە بەشی پەروەردەو بارھێنان و تەندروستیی گشتیش دا کارمەندەکانی کەم دەکاتەوە.

بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بەم سیاسەتەی دەوڵەتی فەرەنسا، چەندین ملوێن کارگێڕو کارمەند لە بەشە دەوڵەتی و تایبەتییەکانی ئەم وڵاتە بۆ بەشداری کردن لە زنجیرە خۆپیشاندان و مانگرتنە سەرتاسەرییەکان بانگ کراون.

بڕێک لە سەندیکاو یەکێتییە کرێکارییەکانیش خەریکی خۆسازدانن بۆ بەرپا کردنی خۆپیشاندانێکی بەربڵاو لە ڕۆژی سێ شەممەی داھاتوودا.

سەرپەیڤ