کانونی دوھەم 13, 2020 18:58 Asia/Tehran
  • جان کری : ڕێککەوتنی ناڤۆکی بەرجام بەهێزترین ڕێککەوتنی سەرڕووی زەویی یە

وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ ڕێککەوتنی ناڤۆکی ، بەهێزترین،ڕوونترین و جێ متمانەترین ڕێککەوتنی سەرڕووی زەوییە.

"جان کەری" وەزیری دەرەوەی حکومەتی پێشووی ئەمریکا لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس نیوز" وێڕای ڕەخنەگرتن لە دۆناڵد ترامپ لەبەر چوونەدەری یەکلایەنە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی وتی: فەڕانسە، ئاڵمان، بەریتانیا، چین و ڕووسیا هەروا لەهەوڵدان ڕێککەوتنەکە بپارێزن چونکە بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو ڕێککەوتنە، بەهێزترین، شەفافترین و جێ متمانەترین ڕێککەوتن لەسەر ڕووی زەوینە.

کەری وتی: ترامپ بەشێوەی یەکلایەنە و بێ گرینگیدان بە هاوپەیمانانمان لەو ڕێککەوتنە کشایەوەو درێژە دەدا بە درۆ و دەلەسە کردن.

کەری لەبارەی هەڵوێست گرتنەکانی جۆ بایدن، بەناوبانگترین بەربژێری پێشەکیی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی٢٠٢٠ی ئەمریکا لەهەمبەر ئێران و بوژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی، لە لێدوانێکی زێدەڕۆیانەدا وتی: بێگومان، جۆ بایدن لەو بابەتە تێدەگاو دەزانێ کە گەڕانەوە بۆئەو جێگە کە لێی بووین بەس نییە چونکە دۆخەکە گۆڕاوەو بابەتگەلی نوێ لەسێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا هاتوونەتە ئاراوە، بۆیە دەبێ دڵنیا بین کە گشت خاڵ و بابەتەکان لەڕێککەوتنەکەمان لەبەرچاو گرتبێ.

دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەشتی مای٢٠١٨ بەفەرمیی کشانەوەی ئەو وڵاتە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیاند و بایکۆتە دژە ئێرانییەکانی گەڕاندەوە.

ولاتانی ئوروپاییش سەرباری نەیارەتی سیاسی و دیپلۆماتیک لەگەڵ ئەو کارەی ترامپ، هەنگاوی پراکتیکی کاراو بەڕادەی پێویستیان هەڵنەگرت لەپێناو جێ بەجێ کردنی وادەکانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لەهەمبەر بایکۆتەکانی ئەمریکادا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەشتی مای٢٠١٩ پاش ساڵێک پەیمان شکێنی ئەمریکاو پێبەندنەبوونی لایەنە ئوروپییەکان لە جێ بەجێ کردنی وادەکانیان هاوپێوەند بەڕێککەوتنی ئەتۆمی، دەستی کرد بە کەم کردنەوەی هەنگاو بەهەنگاوی وادەکانیان هاوپێوەند بەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە.

هەرلەو ئاراستەدا، تاران یەکشەممە پێنجی ژانڤییە هەنگاوی پێنجەم و یەکجاریی کەمکردنی وادەکانی هاوپێوەند بەڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیاند.

سەرپەیڤ