کانونی دوھەم 17, 2020 18:47 Asia/Tehran
  • دیوانی پیاداڕاگەییشتنی ئەمریکا: ترەمپ لە «ئۆکرانیاگەیت» یاسای شکاندووە

دیوانی پیاداڕاگەییشتنی ئەمریکا کردەوەی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەی لەمەڕ داخستنی ڕێگاکانی یارمەتی دانی ئاسایشتیانەی ئۆکرانیای بە پێشێلکردنی یاسا زانی.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی تایبەت بەکۆنگرێسی ئەمریکیی«ھێل»، دیوانی پیاداڕاگەییشتنی ئەمریکا ڕایگەیاند: نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتیی بودجە لە کۆشکی سپی، ھاوینی ساڵی ٢٠١٩ لە ناردنی یارمەتیی سەربازی و ئاسایشتی بۆ ئۆکرانیا کشاوەتەوە کە دیارە ئەمەش پێشێل کردنی یاسا دێتە ئەژمار.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھەل و مەرجێکدا ئەم یاسایەی پێشێل کردووە کە کەمتر لە ساڵێک لەمەوبەر، کۆنگرێسی ئەمریکا یارمەتیی سەربازی و ئاسایشتیی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کردبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی دیوانی پیاداڕاگەییشتنی ئەمریکا، سەرۆک کۆمار بۆی نییە یاسای پەسەند کراوی کۆنگرێس لەبەرچاو نەگرێت و یان بیگۆڕێت.

بەپێی بەڵگەبڵاو کراوەکان، کەمتر لە دوو کاژێر دوای وتووێژی تەلەفۆنیی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ ڤلۆدیمیر زلێنێسکی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا لە ژوئیەی ٢٠١٩، کۆشکی سپی فەرمانی ڕاگرتنی یارمەتیی سەربازیی ٣٩١ ملوێن دۆلاریی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیای دەرکرد بوو.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا چوارشەممە ١٨ی دێسەمبەری ٢٠١٩ لە دەنگدانێکی مێژووییدا وەبەر لێپێچینەوە خستنی ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەی لەبەر دوو تۆمەتی "کەڵکی نادرووست وەرگرتن لە دەسەڵات" و " تەگەرە نانەوە لە سەر ڕێگای لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس"ی بە زۆرینەی دەنگەوە پەسەن کردبوو.

ترەمپ لەم ڕۆژانەدا گیرۆدەی ڕیسوایی و ئابڕوچوونێکە بە ناوی «ئۆکرانیا گەیت». ھۆیەکەشی بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە کە کەسێکی نەناسراو ڕایگەیاندووە کە ترەمپ لە کۆتایی مانگی ژوئیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ«ڤلۆدیمیر زلێنێسکی» ھاوتای ئۆکرانیایی خۆی داوای لێکردووە ھەتا زانیاریگەلێکی بداتێ کەبتوانێ جێ و شوێنی «جۆ بایدێن» کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی٢٠٢٠ی ئەمریکاو لەو خەنیمە سەرەکیانەی پێ جێلەق کات. وەک باسی دەکرێت ترەمپ بەخشینی بارەبووی ئەمریکا بە ئۆکرانیای مەرجدار کردووە بە لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەو گەندەڵییەی کە گوایە بایدێن و کوڕەکەی کە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمپانیایەکی ئۆکراینیە، تێوەی گلاون. لەپاش ئەم ڕیسواییە، ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە بارەی لێپێچینەوەلە داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە فەرمانی «نانسی پلوسی» سەرۆکی دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم وڵاتە دەستی پێ کرا.

سەرپەیڤ