کانونی دوھەم 20, 2020 16:06 Asia/Tehran
  • یەکێتی ئوروپا: پرۆسەی سیاسی تەنیا ڕێگای کۆتایین هێنان بە قەیران لە لیبیایە

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئوروپاو بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا، وتی کە تەنیا ڕێگای کۆتایی هێنان بە شەڕ وپێکدادانەکان لە لیبیا، ڕێکاری سیاسییە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئانادۆڵ؛ "ئورزولا ڤۆن درلاین" سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئوروپاو "جۆزێپ بۆرێل" ی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا رۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکی هاوبەش پاش کۆبوونەوەی ئاشتیی لیبییا لە بەرلین ڕایانگەیاند: ڕێکاری پاوەجێ بۆ قەیرانی لیبیا، هەوڵدانی ناوبژیوانانەی ڕێکخراوی نەتەوەکانە کە پێویستییەکانی خەڵکی لیبیا دەخاتە ئەولەویەت.

لەو بەیاننامە هاوبەشەدا هاتووە؛ تەنیا ڕێکاری سیاسی ، دەسپێشخەریی لیبیا لەلایەن خۆیەتی کە دەتوانێ شەڕ کۆتایی پێ بێنێ و ئاشتیی پاوەجێ بچەسپێنێ.

کۆبوونەوەی بەرلین، رۆژی یەکشەممە بەڕێوە چوو کە نوێنەرانی ١٢ وڵات چوار ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بریتی لە ڕێکخراوی نەتەوەکان، یەکێتی ئوروپا، یەکێتی ئەفریقاو کۆمکاری عەرەب تێیدا بەشدار بوون.

بەشداربووان لەو کۆبوونەوەدا جەختیان کرد لەسەر پێویستیی پاراستن وپێبەندبوون بە بایکۆتی چەکئامێریی لیبیاو لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە پاڵپشتیی سەربازی نەکەن لە لایەنەکانی تێوەگلاوی شەڕ لەو وڵاتە.

لیبیا لەکاتی راپەڕینی جەماوەر لەساڵی٢٠١١دا کە ڕووخانی حکومەتی موعەممەر قەزافی دیکتاتۆری لەناوبراوی لیبیای لێکەوتەوە، بە دەستتێوەردانی ئەمریکاو ژمارێک وڵاتی ئوروپایی و ناوچە، بەرەوڕووی توندوتیژی و ناسەقامیی سیاسی بووە.

لیبیا ئێستا لەنێوان دوو ناوەندی دەسەڵاتدا دابەش بووە.

یەک لەو دوو دەسەڵاتە، حکومەتی جێگیر لە ترابلۆس بەسەرۆکایەتی "فائیز سراج" ـە کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەکان بەفەرمیی ناسێندراوەو ئەوی دیکەیان حکومەتێکە کە لەشاری تبرق لە رۆژهەڵاتی لیبیا جێگیرە(هێزە سیاسی و سەربازیەکانی لایەنگری ژەنەراڵ حەفتەر) کە لەلایەن ئیمارات، میسر، عەرەبستانی سەعودی و چەند وڵاتی ئوروپایی پاڵپشتی لێ دەکرێ.

سەرپەیڤ