کانونی دوھەم 21, 2020 09:04 Asia/Tehran
  • ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا: بڕگەکانی مێکانیزمی چارەسەر کردنی ناکۆکییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کێشە و گرفتی هەیە

ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ کە ئەو هەنگاوەی ترۆییکای ئەورووپایی دژ بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران هەڵیگرت لەبەر ناڕوون بوونی بڕگەکانی مێکانزیمی چارەسەر کردنی ناکۆکییەکانی ئەو ڕێککەوتنە بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ "جۆزێپێ بورێل" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا  ڕۆژی دووشەممە وتی: بڕگەکانی هاوپێوەند بە مێکانزیمی چارەسەر کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران ڕوون و شەفاف نین و هەر لەبەر ئەوەیش لایەنەکانی ئەو ڕێککەوتنە لەوان ترۆییکانی ئەورووپایی خەریکی وتووێژ و ڕاوێژ سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێ کردنی ئەو بڕگانەن.

بورێل لە کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە بروکسێل وتیشی کە سێ وڵاتی ئەورووپایی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی سوور و پێداگرن لە سەر ئەوەی کە وەڕیخستنی مێکانیزمی چارەسەر کردنی کێشە و ناکۆکییەکان لەو ڕێککەوتنە لە ڕاستیدا بۆ پاراستنیەتی و بەنیازی ئەوە نین ڕێککەوتنێکی دیکە لە جیاتی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران دابنێن.

ئەڵمان، بەریتانیا و فەرەنسا پاش چونەدەری نایاسایی  ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ بەڵینیان دا کە بە لەبەرچاو گرتنی قازانج و بەرژەوەندیی ئابووریی ئێران ، ئەو ڕێککەوتنە هەر بپارێزن. ئەم وڵاتانە ، وێرای ئەوەی بە شێوەی سەرزارەکی بەرامبەر بە ئەمریکا ڕاوەستان بەڵام تا ئێستا هیچ دەسکەوتێکیان نەبووە لە جێبەجێ کردنی ئەو بەڵینانەی بۆ پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە دابوویان.

ترۆییکانی ئەورووپایی هەروەها سێشەممەی رابردوو (١٤ی ژانڤییە) بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ، مێکانیزمی چارەرسەر کردنی ناکۆکییەکانی هاپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانیان وەڕێخست.

"محەممەد جەواد زریف" وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە بە ئاماژە بە هەڵس و کەوتی نادرووست و  نایاسایی ئەورووپاییەکان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی رایگەیاند: بێتوو دۆسییەی ئێران بەڕێ بکرێ بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان، مەسەلەی چوونەدەری تاران لە پەیمانی قەدەغەی پەرە پێدانی چەکی ئەتۆمی (ئێن پی تی) دێتە ئاراوە.

 

سەرپەیڤ