کانونی دوھەم 26, 2020 13:59 Asia/Tehran
  • کرۆنا لە کەنەدا

هاوکات لە گەڵ بەرز بوونەوەی هەژماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کرۆنا لە چین و ژمارێک وڵاتی دیکەی جیهان، دەوڵەتی کەنەدایش بینرانی یەکەم نەخۆشی تووشبوو بە کرۆنا لەم وڵاتەی پشت ڕاست کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی شینهوا؛ کاربەدەستانی تەندرووستیی پارێزگای "ئۆنتاریۆ" لە ڕۆژهەڵاتی کەنەدا رایانگەیاند: شاروومەندێکی ٥٠ ساڵ تەمەنی چینی کە ئەمدواییە لە شاری "ڤوهان" ناوەندی پەرەسەندنی نەخۆشی کرۆنا لە چین گەڕاوەتەوە  بۆ پارێزگای ئونتاریۆ، پاش چەن ڕۆژ نیشانەکانی ئەو نەخۆشییەی لێ دەرکەوتووە.

کاربەدەستانی بەشی تەندرووستیی پارێزگای ئۆنتاریۆ بە بێ ئاماژە بە ناو و یان شوێنی ژیانی ئەو نەخۆشە ڕایانگەیاندووە کە لە نەخۆشخانەیەکی گشتی دەرمان کراوە و لە ڕەوشێکی باشدایە.

کەنەدا لەوە ترساوە کە پەرەسەندنی کرۆنا، قەیرانی گشداگری نەخۆشی سارس لە ساڵی ٢٠٠٣ دووپات بکاتەوە کە ٤٤ قوربانی لێکەوتەوە .

لانیکەم ٥٦ کەس بە هۆی توشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنا گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە هەزار و ٩٧٥ کەسی لە چین تووشی ئەو نەخۆشییە بوون.

جگە لە وڵاتی چین، تا ئێستا چەن کەسێک لە وڵاتانی ژاپۆن، کۆریای باشوور، تایوان، هیندستان،  کۆماری ئازەربایجان، ئۆسترالیا، ئەمریکا و فەرەنسایش تووشی ئەو نەخۆشییە هاتوون.

شاری ڤووهانی چین گرینگترین ناوەندی پەرەسەندنی ڤایرۆسی کرۆنایە و کاربەدەستانی ئەم وڵاتە ٥٤ ملوێن کەسیان قەرەنتینە کردووە.