کانونی دوھەم 29, 2020 13:26 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ساردوسڕی ئەورووپا بەرامبەر بە پەردەھەڵگرتن لە سەر گەڵاڵەی «سەودای سەدە»

لەپاش پەردەھەڵگرتنی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەر گەڵاڵەی چەواشەکارانەی بەناوئاشتی ناسراو بە «سەودای سەدە» سەبارەت بە کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند: ئەم یەکێتییە گەڵاڵەکەی ترەمپ بە گوێرەی پێوەرەکانی خۆی ھەڵدەسەنگێنێ و تاوتوێی دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی یەکێتیی ئەورووپا، «جۆزێف بۆرڵ» شەوی چوارشەممە لە بەیاننامەیەک دا لە کاردانەوە بەرامبەر بە پەردەھەڵگرتنی «داناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەر گەڵاڵەی چەواشەکارانەی بەناوئاشتی ناسراو بە «سەودای سەدە»، ڕایگەیاند: پێوەرەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە ھەمبەر ئەم گەڵاڵەیە، بەڵێنمەندییەکی ھێزمەندە بۆ دەست ڕاگەییشتن بە ڕێگاچارەی پێکھاتنی وڵاتی فەلەستین بە سەرنجدانی ئارمانجەکانی خەڵکەکەی و ڕێزنان لە تەواوی بڕیارنامەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان.

بۆرڵ تاکە ڕێگای چارەسەریی ڕاستەقینەی بۆ کۆتایی ھێنان بە تێکھەڵچوونەکان، پابەند بوون بە پێکھاتنی وڵاتی فەلەستبن زانی.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش ڕایگەیاند: «سەودای سەدە» تاوتوێ دەکات، بەڵام دیارە لەم ناوەدا ھەڵوێستی فەلەستینییەکان و وڵاتانی عەرەبی لە بارەی ئەم گەڵاڵەیە گرینگترە.

«دومینیک ڕاب» وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیاش ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە بەرامبەر بە گەڵاڵەکەی بەناوئاشتیی «داناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناسراو بە «سەودای سەدە» کاردانەوەیەکی ساردوسڕی پیشان داو ڕێبەرانی فەلەستینی و ڕژێمی داگیرکەری قودس داوای کرد ھەتا ئەو گەڵاڵەیە خۆی وتەنی بەشێوەیەکی ویژدانمەندو ڕاستەقینە لێک بدەنەوە.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەرەنساش لە خۆی وتەنی ھەوڵی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین پێشوازی کردو کەچی ئەوەشی ڕاگەیاند کە لەم بوارەدا ھاوتەریب لەگەڵ ھاوبەشە ئەورووپییەکانی دا دەجوڵێتەوە.

کۆمەڵێک لە کارناسان لەو باوەڕەدان کە ھەڵوێستی ساردوسڕی ئەورووپییەکان لە ھەمبەر گەڵاڵەکەی«سەودای سەدە» لەوەو سەرچاوە دەگرێت کە واشێنگتۆن و تەلەبیب لە ئامادەکردنی ئەو بەڵگەنامەیەدا نەگەڕاونەتەوە بۆ ھاوپەیمانە ئەورووپییەکانیان.

«داناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سەشەممە لە کۆشکی سپی لە کاتێکدا کە «بنیامین ناتانیاھۆ»ی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونیش لە تەنیشتی دا وەستا بوو، پەردەی لە سەر  گەڵاڵەی ڕێککەوتنە داسەپێندراوەکەی ناسراو بە «سەودای سەدە» ھەڵگرت.

«سەودای سەدە» گەڵاڵەیەکە لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە کە بەنیازی لەنێو بردنی مافی جەماوەری فەلەستینە. ئەم گەڵاڵەیە بە هاریکاری و ڕەزامەندیی بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی لەوانە عەرەبستان، بەحرەین و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان ئامادە کراوە.

بە پێی گەڵاڵەی ئەمریکیی «سەودای سەدە» قودسی پیرۆز ڕادەستی ڕژێمی زایونی دەکرێت، ئاوارە فەلەستینییەکان لە وڵاتانی دیکە مافی گەڕانەوەیان نابێت و فەلەستین تەنیا داگری سەرزەوییە بەجێماوەکانی کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن و ناوچەی غەززە دەبێت.

سەرپەیڤ