نیسان 01, 2020 08:22 Asia/Tehran
  • داخوازیی ٣٢ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ ھەڵپەسێردرانی بایکۆتەکانی سەر ئێران

دوابەدوای ڕەخنەی توندی بڕێک لە وڵاتان و کاربەدەستانی نێونەتەوەیی لە کاریگەریی نەرێنیی بایکۆتەکانی یەک لایەنەی ئەمریکا لە سەر توانایی ئێران بۆ بەرنگار بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ٣٢ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا داوای سوک کرانەوەی بایکۆتەکانی واشێنگتۆن دژی تارانیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ھەواڵدەریی فارس، ماڵپەڕی «ھاف پۆست_ HuffPost » شەوی چوارشەممە ڕایگەیاند: ٣١ ئەندامی ئەنجومەنەکانی سێناو نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکی ھاوبەش دا بۆ «مایک پەمپێئۆ» وەزیری دەرەوەو «ستیڤێن منۆچین» وەزیری گەنجینەی ئەم وڵاتە، داوای ھەڵپەسێردرانی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێرانیان کرد لە بەر قەیرانی جیھانیی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی «ھاف پۆست_ HuffPost » ئەم ٣٢ ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە نامەکەیاندا وێڕای بە نابەجێ و نالەبار زانینی پێکدادانی ناسراو بە ئەوپەڕی گوشاری دەوڵەتی «داناڵدترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژی ئێران لە کاتی گشتگیر بوونی پەتای کۆرۆنا، جەختیان لەوە کردەوە کە« پەرە پێ دانی ئاڵۆزتربوونی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران    ،نەک ھەر جەماوەری ئێران بەڵکو خەڵکانی ئەمریکاو جیھانیش دەخاتە مەترسییەوە.

پێشتریش  شەش ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە نامەیەکی ھاوچەشن دا بۆ پەمپێئۆو منۆچین وشدارییان دا بوو کە بایکۆتەکانی ئەمریکا بە سێرەگرتنی بۆ ئابووریی وڵاتی ھەشتا ملوێنیی ئێران ڕەوشتەکەی بۆ ئێرانییەکان لە ڕووی کڕینی کاڵاوکەل و پەلی سەرەکی لە ھەل و مەرجی زۆرھێنانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دژوارتر کردووە.

لە ماوەی حەوتەکانی ئەم دواییە دوابەدوای تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی جیھان بە ئێرانیشەوە، کۆمەڵێکی زۆر لە کاربەدەستانی وڵاتانی جۆربەجۆر لەوانە تورکیا، ڕووسیا ، پاکستان و چین داوای ھەڵوەشانەوەی بایکۆتە یەک لایەنەو نایاسایەکانی ئەمریکا دژی ئێران بوونە.