نیسان 01, 2020 09:16 Asia/Tehran
  • ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لە ئەمریکا لە چینیش وەپێش کەوت

ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لە ئەمریکا بە بازێکی تر لە سنووری ٣٨٠٠ کەسیش پەڕییەوە.

میدیاکانی ئەمریکی شەوی چوارشەممە ڕایانگەیاند: ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم وڵاتەدا گەییشتووەتە ١٨٧ ھەزارو ٣٤٧ کەس کە لەم ژمارەیە ٣٨٦٠ کەسیان گیانی خۆیانیان لەدەست داوە.

ئەمریکا کە لە ئێستادا لە سەرووی ئەو وڵاتانەیە کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاتوون بەم ڕێژەیەی لە ڕووی ژمارەی قوربانیەکانیەوە لە چینیش کە مەکۆی یەکەمی بڵاو بوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بوو وەپێش کەوتووە.

لە چین ھەتا ئێستا ٨١ ھەزارو ٥١٨ کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاتوون کە لەم ژمارەیە ٣٠٥ کەس گیانیان لەدەست داوە.

دەوڵەتی ئەمریکا کە زۆر درەنگ تر لە وڵاتانی دیکە ڕوی لە تێستی پێزانینی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە، لە ئێستادا لە بەر ژمارەی زۆری توشبووەکانی بەرەوڕووی کەمھێنانی کیتی تاقیکردنەوە بووەتەوە.

ڕێکخراوەی تەندروستیی جیھانی سێ شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند: ئەمریکا لە داھاتوویەکی نزیک دا بە شیمانەی زۆرەوە دەبێتە مەکۆی تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیھاندا.

ھەروەھا خزمەتگوزاریی نیشتیمانیی تەندروستیی بریتانیا ڕایگەیاندووە کە، بە مردنی ٣٦٧ کەس لە توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم وڵاتەدا لە ماوەی ٢٤ کاژێری ڕابردوو، ژمارەی قوربانیانی ئەم ڤایرۆسە لە بریتانیا گەییشتووەتە ١٦٥١ کەس.

لە سکۆتلەند، ڤێڵز و ئیرلەندی باکووریش ھەتا ئێستا بە پێی ڕاگەیاندنی ڕێژەی فەرمی بە ڕیز ٦٠، ٦٩ ، ٨٢ کەس لەبەر توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.

دەوڵەتی ئیتالیاش باسی تۆمارکرانی چوارھەزارو ٥٣ حاڵەتی تازەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای کردووە لە ماوەی ٢٤ کاژێری ڕابردوو لەم وڵاتەدا و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ھەتا ئێستا ١٠٥ ھەزارو ٧٩٢ کەس لە ئیتالیا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاتوون.

ئیتالیا لە ئێستادا زیاترین ژمارەی قوربانی و توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە نێو وڵاتانی ئەورووپی دا ھەیە.

لە فەرەنساش «ئێمانۆئێل مەکرۆن» سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لە سەردانێکی بۆ کارگەیەکی وەبەرھێنانی دەمامکی پزیشکی ڕایگەیاند: ئەم وڵاتە لەگەڵ کەم ھاتنی دەمامک و دەزگای یارمەتی دانی ھەناسەھەڵکێشان بەرەوڕووەو لە ڕووی دابین کردنی ھێندێک داوودەرمانەوە گرفتی ھەیە.

سەرۆک کۆماری فەرەنسا جەختیشی کردووە لە سەر وەبەرھێنانی ١٥ ملوێن دەمامک لە حەوتەیەک دا.

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ناوە فەرمییەکەی کۆڤیدی ١٩ یە، لەکۆتایی ساڵی٢٠١٩دا لەشاری "ووهان"ی سەربە پارێزگای «ھوبئی»ی ڕۆژھەڵاتی چین ناس کرا و لە ئێستادا جگە لە چین زیاتر لە ٢٠٥ وڵاتی دیکە لەوانە وڵاتانی ئەمریکا ، بریتانیا، ئۆسترالیا، تایلەند، کۆریای باشووری ، ژاپۆن، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتالیا ، تورکیا، عەرەبستان و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکانیشی تێوەگلاندووە واتە نزیکەی لەسەدا ٩٠ حەشیمەتی جیھان توشی ھاتوون.