نیسان 02, 2020 16:20 Asia/Tehran
  • پلانێکی ئەمەریکی بۆ تێپەڕاندنی کابینەکەی زورفی لەڕێگای هەڕەشەی سەربازییەوە

سەرچاوەیەکی پەرلەمانی پلانێکی نوێی ئەمەریکای ئاشکراکردووە، بۆ تێپەڕاندنی کابینەی حکومەتەکەی عەدنان زورفی سەرۆک وەزیری راسپێردراو لەڕێگای بەکارهێنانی زمانی هەڕەشەی سەربازییەوە.

ئەو سەچاوەیە لەلێدوانێکدا بەپێگەی "مەعلوومە"ی راگەیاندووە، فرۆکە ڕێگەپێنەدراوەکانی ئەمەریکا لە پاڕێزگاکانی بەغدا و ئەنبار و بابل و سەڵاحەدین بەسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی‌و هێزە ئەمنییەکاندا دەفڕن، کە ئەوە پلانێکی ئەمەریکییە بۆ گوشارکردن لە کوتلە سیاسییەکان تا بە کاندیدکردنی زورفی رازی بن.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، ئەمەریکا وەک هەوڵێک بۆ بڕواپێهێنانی لایەنە بەرهەڵستکارەکانی حکومەتەکەی عەدنان زورفی زمانی هەڕەشەی سەربازی بەکاردەهێنێت.

لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە، کە واشنتۆن خواستی ئەوەی هەیە زورفی پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێت لەئێستاشدا بۆ پشتیوانیکردنی لەڕووی سیاسییەوە دەستی بەجوڵە کردووە، لەبەر ئەوەی ئەگەر زورفی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران وەربگرێت ئەوە واشنتۆن پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی لەناو عێراق دا دەکات، کە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەهەرەسهێناندا بوون.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیری کاربەرێکەری عێراق بوونی فرۆکەی ڕێگەپێنەدراوی لەسەر ناوچە سەربازییەکانی عێراق ئاشکرا کردبوو، هەروەک هۆشداریشی دابوو لە ئاکامەکانی هەر کردەیەکی جەنگی ڕێپینەدراو .