نیسان 05, 2020 08:19 Asia/Tehran
  • ترەمپ: هەفتەکانی داهاتوو بۆ ئەمریکا مەرگهێن دەبێ

سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە هەوڵی دەدا دواهاتەکانی بڵاو بوونەوەی کۆرۆناڤایرۆس بە کەم بایەخ نیشان بدات، ئێوارەی دوێنێ شەممە دانی نا بەوەیدا کە دوو هەفتەی بەردەم ئەمریکا بە هۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤیدی ١٩ مەرگهێن دەبێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "دۆناڵد ترەمپ" لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەی خۆیدا کە بە ئامادە بوونی "مایک پەنس"ی جێگری یەکەمی خۆی و ژمارێک لە  ئەندامانی کارگرووپی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەڕێوە چوو، وتیشی کە دوو هەفتەی یەکجار دژوارمان لەپێشە و پێشبینی دەکرێ کە هەژماری حاڵەتەکانی مردن بە هۆی ئەو نەخۆشییەوە زیاتر ببێ.

ترەمپ کە خۆی نوقمی زەلکاوی کەمبوونی کەرەستەی پزیشکیە و بازرگانانی  ئەمریکایی لە بەندەرەکانی چیندا، کەرەستەی پزشکیی کڕدراوی وڵاتانی دیکە بە نرخێکی بانتر دەدزن، بانگەشەی کرد کە خەریکی مامەڵە و سەودا لەگەڵ بەشێکی گەورەی جیهانە بۆ ئەوەی  یارمەتیدەریان بێ لەم ڕەوشە دژوارەی ئێستادا.

نیگەرانییەکان لە ئەمریکادا سەبارەت بە چۆنیەتی جوڵانەوەی دەوڵەتی ترەمپ بەرامبەر بە بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکجار  پەرەی سەندووە و  تەنانەت چەن ئەیالەتێکی ئەم وڵاتە لەبەر مەترسی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەوشی نائاساییان ڕاگەیاندووە.

هەژماری تووشبوان بە کۆرۆنا لە سەرانسەری ئەمریکا لە ٢٧٧ هەزار کەس واوەتر ڕۆیشتووە و تا ئێستا زیاتر لە ٧ هەزار و ٤٠٠ کەس گیانیان لە دەس داوە.

ئێستاکە زیاتر لە چوار یەکی ڕێژەی جیهانی تووشبوان بە کۆڤیدی ١٩ لە ئەمریکادان.