May 27, 2020 08:26 Asia/Tehran
  • دیداری شاندەکەی ئێران لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕێککەوتنی ئەفغانستان

یاریدەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری مافەوانی کە بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی کابۆلی کردووە، لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕێککەوتنی ئەفغانستان دیدارو سەبارەت بە ڕووداوە سەرسنوورییەکەی نێوان دوو وڵات وتووێژی کرد.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە لایەن ھێندێک لە کەناڵە نەیارەکانەوە سەبارەت بە لەئاوتوڕدانی شاروەندانی ئەفغانی لە لایەن سنووروانانی ئێرانەوە، بەشی سنووروانیی ھێزی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش تاوتوێ کردنی بابەتەکە بانگەشەی کەناڵە نەیارەکانی ڕەت کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لە دیداری ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە «موحسین بەھاروەند» یاریدەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری مافەوانی و «عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا» سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕێککەوتنی ئەفغانستان، دەرەنجامی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕووداوە سەرسنوورییەکە تاوتوێ کرا.

«موحسین بەھاروەند» یاریدەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری مافەوانی وێڕای ئیدانەکردنی ڕووداوی لەئاوتوڕدانی شارومەندانی ئەفغانی، لە سەر پەیوەندییە باشەکانی نێوان ئێران و ئەفغانستان و ھاوکاریی بەبڕشتانە لەگەڵ تاقمی لێکۆڵینەوەو ڕاگەییشتن بە بابەتەکە پێی داگرت.

«عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا» سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕێککەوتنی ئەفغانستانیش، وتی: ئەفغانستان خوازیاری لێکۆڵینەوەو ڕاگەییشتنی بەبڕشتانەو دادگەرانەی ڕووداوەکەیە.

«سەیید ڕەسوڵ موسەوی» ھاریکاری وەزیرو بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری ئاسیای ڕۆژئاوا کە بەشداری شاندەناردراوەکەی ئێران بۆ کابۆلە، دوای ئەم دیدارە لە توییتێک دا نووسی: ھەریرڕوود بەدرێژایی مێژوو ئێران و ئەفغلنستانی پێکەوە گرێ داوەو دوژمنانی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات قەت ناتوانن لە ڕووداوەکەی ھەریرڕوود کەڵکاژۆیی بکەن.