May 27, 2020 08:57 Asia/Tehran
  • باڵوێزی ئێران لە ڤەنزۆئیلا: بایکۆتەکانی یەکلایەنەی ئەمریکا تینی جارانی نەماوە

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤەنزۆئیلا ڕۆژی سێ شەممە وێڕای پێداگری لە سەر ئەمەی کە ئێران و ڤەنزۆئیلا خاوەنی سیاسەتی سەربەخۆن، وتیشی: ڕەوانەکرانی نەوتبەرەکانی ئێران بۆ ڤەنزۆئیلا سەرکەوتنێکە بۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی.

«حوججەتوڵڵا سوڵتانی» باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤەنزۆئیلا لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئەلعالەم، وێڕای ئاماژە کردن بە گەییشتنی دوو نەوتبەری ئێرانی بە گوێئاوەکانی ڤەنزۆئیلا، ڕۆژانی ئەم دواییەی وەک ڕۆژانێکی گەورەو مێژوویی بۆ ھەردووک نەتەوەی ئێران و ڤەنزۆئیلا زانی و وتی: بایکۆتەکانی یەکلایەنەی ئەمریکا دژی ئێران و ڤەنزۆئیلا و چەندین وڵاتی دیکە کاریگەریی خۆی لەدەست داوەو تینی جارانی نەماوە.

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤەنزۆئیلا ، ھەواڵی گوێزرانەوەی نۆتەن زێڕ لە ڤەنزۆئیلا بۆ ئێرانی وەک بایی سووتەمەنی لە سەداسەد بە درۆ زانی و وتیشی: میدیاکانی ڕۆژئاوا خەریکی چەواشەکارین دژی ئێران و ڤەنزۆئیلا بۆ داشاردنەوەی شکسەکانیان لای بیروڕای گشتی و کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان.

سوڵتانی وتیشی: ڕێگاگەلێکی دیکەی وەک سەودای ھاوسەنگ بە ناردەی نەوت لە بەرامبەر کەل و پەل و خۆراک ، قاوەو کاکائو ، یان زۆر کاڵای دیکەش ھەیە کە دەکرێ سەئدایان پێ بکرێت ، کەچی میدیا نەیارەکان خەریکی بڵاوکردنەوەی درۆودەلەسەن سەبارەت بە ئاڵووێر کردنی زێڕی ڤەنزۆئیلا لە بەرامبەر سوتەمەنیی ئێران.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاراستەی داکۆکی کردن لە دەوڵەت و نەتەوەی ڤەنرۆئیلا کە لەگەمارۆی ئابووریی ئەمریکادان، پێنج پاپۆڕی ھەڵگری سوتەمەنیی ڕەوانەی ئەم وڵاتە کردووە.

ھەتائێستا دوو پاپۆڕی ھەڵگری سووتەمەنیی ئێران بە ناوەکانی «فۆرچوون»، «فارست» گەییشتوونەتە گوێئاوەکانی ڤانزۆئیلا و بارەکانی خۆیانیان لە بەندرەکانی ئەم وڵاتە داگرتووە.

نیکۆلاس مادۆرۆ  سەرۆک کۆماری ڤەنزۆئیلا وێڕای ستایش کردنی دەوڵەت و جەماوەری ئێران، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڤەنزۆئیلا تەنیا نییەو ھاوڕێگەلێکی بوێری ھەن کە لە لە تەنیشتی دا ڕاوەستاون. مادۆرۆ جەختی کردووە، لەوشوێنەی وا وڵاتانی ئەمپریالیستی بە نیازن لە ڕێگای تەوژم و گوشارەوە بڕیارەکانیان بسەپێنن، بەس برایەتییە کە دەتوانێ جەماوەرە بیرئازادەکان ڕزگار بکات.