May 28, 2020 20:18 Asia/Tehran
  • بەردەوامیی ڕابوون لە «مینیاپۆلیس»ی ئەمریکاو داخرانی ڕێگاکان لە لایەن پۆلیسەوە

بە بەردەوام کرانی ڕابوون و ناڕەزامەندی دەربڕینی بەربڵاو بەرامبەر بە ھەڵس و کەوتی ڕەگەزپەرستانەی پۆلیس لە شاری «مینیاپۆلیس»ی ئەمریکا، کۆنترۆڵی شارەکە لە دەستی کاربەدەستان ترازا.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیای ھەواڵدەریی «ڕاپتێلی»،شاری«مینیاپۆلیس»ی ئیالەتی «مینەسوتا»ی ئەمریکا بووەتە گۆڕەپانی ڕابوون و ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە کوژرانی شارومەندێکی ڕەش پێست کە ڕۆژی دووشەممە بە ھۆی فەرمانبەرانی پۆلیس خنکێندرا.

دوابەدوای سەرھەدانی ئەم ناڕەزامەندییانە، ترۆمبیلەکانی پۆلیس، شەقامی نزیکی ئەو مارکێتانەیان داخست کە لە لایەن ناڕاییانەوە تاڵان کرا.

ناڕازییان داوای ڕەچاو کرانی دادگەری سەبارەت بەو شارومەندە ٤٦ ساڵە بەڕەگەز ئەفریقییەیان کردووە.

ئەم پیاوە ڕەش پێستە دوای ئەوە گیانی لەدەست دا کە فەرمانبەرێکی پۆلیس بۆ ماوەی حەوت خولەک چۆکی لەسەر بینەقاقای دادابوو ھەتا گیانی دەرچوو، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە شارومەندە ڕەش پێستەکە بەردەوام ھاواری دەکرد کە ھەناسەی لێبڕاوە.

لە ناڕەزامەندیە دەربڕینەکانی شەوی پێنج شەممە، سەدان کەس بە ڕژانەنێو شەقامەکانی شاری«مینیاپۆلیس»ی ئیالەتی «مینەسوتا»ی ئەمریکا دروشمی «نەدادگەری، نە ئاشتی، من ھەناسەم لێبڕاوە»یان ھەڵ دا.

لەم گردبوونەوانەدا یەکەسی دیکەش لە ئەنجامی تەقەی پۆلیس کوژرا.

ھاوکات لەگەڵ ئەم ناڕەزامەندی دەربڕین و تاڵان کردنی مارکێت و فرۆشگەکان، پۆلیسی فیدراڵ «ئێف بی ئای» لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕی دەست پێ کردووە.

«یەعقوب فێری» سەرۆکی شارەوانیی مینەسوتا داوای لە کاربەدەستانی دادەوانی کردووە ھەرچی خێراتر دۆسییەک بۆ فەرمانبەرە مرۆڤکوژەکە پێک بێنن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە شێوەیەکی ئاسایی دادگەکانی ئەمریکا، ئەوفەرمانبەرانەی پۆلیس کە دڕندەکاری دژبە ڕەش پێستەکان دەکەن ، بە تاوانبار نازانن و یان سزایەکی قورسیان بۆ لەبەرچاو ناگرن.

زەبروزەنگی پۆلیسی ئەمریکا دژی ڕەنگین پێستەکانی ئەم وڵاتەو بە تایبەت ڕەش پێستەکان بەردەوام ناڕەزامەندیی خەڵکی ئەم وڵاتەی لێ کەوتووەتەوە.

قەڵاچۆی شارومەندانی ڕەش پێستی ئەمریکی بە ھۆی ھێزەکانی پۆلیسی ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە توندتر بووەتەوەو ئەمەش بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی بزوتنەوەگەلی مەدەنی و دروست بوونی توندوتیژی و تەنانەت بشێویی چەند ڕۆژە لە بڕێک لە ئیالەتەکانی ئەمریکا.

بە شێوەیەکی ئاسایی دادگەکانی ئەمریکا، ئەوفەرمانبەرانەی پۆلیس کە دڕندەکاری دژبە ڕەش پێستەکان دەکەن ، بە تاوانبار نازانن و یان سزایەکی قورسیان بۆ لەبەرچاو ناگرن.