حوزه‌یران 02, 2020 23:58 Asia/Tehran
  • ھاوپشتی دەربڕینی کۆمەڵێک لە ھێزەکانی پۆلیسی ئەمریکا لەگەڵ ناڕازییان

کۆمەڵێک لە ھێزەکانی پۆلیسی ئەمریکا بە پێچەوانەی خواستی ترەمپ بۆ سەرکوتکردنی ناڕازییان، لەگەڵیاندا ھاودەنگییان دەربڕی.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی کەناڵی سی ئێن ئێن، کۆمەڵێک لە ھێزەکانی پۆلیسی ئەمریکا وێڕای لەباوەش گرتنی ناڕازییان، دۆعاکردن بۆیان و شین گێڕان لەتەنیشتیان و چۆک دادان بۆ ڕێزنان لە «جۆرج فلۆید»  شارومەندی ڕەش پێستی ئەمریکی، لەگەڵیاندا ھاودەنگییان دەربڕی.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕیزێک لە ھێزەکانی پۆلیس لە «ئاتڵانتای» ناوەندی ویلایەتی جۆرجیا بە قەڵغانەکەی دەستیانەوە لە بەردەم ناڕازییاندا بە چۆکدا ھاتن.

«پاول پازن» سەرۆکی پۆلیسی «دێنوور»ی ناوەندی ویلایەتی «کۆلۆرادۆ»ش ڕۆژی دووشەممە چووە ریزی ناڕازییانەوەو قۆڵی لە قۆڵیان ھەڵپێکا.

«ترێنس موناھان» سەرۆکی پۆلیسی شاری نیۆیۆرکیش کەسێکی ناڕازیی لە نێو ئاپۆڕەی ناڕازییانی ئەم شارەدا لە باوەش گرت.

کردەوەی ڕۆژی دووشەممەی حەوتەی ڕابردووی  ئەفسەرێکی سپی پێستی پۆلیسی ئەمریکا لەمەڕ کوشتنی دڕندانەی «جۆرج فلۆید»ی شارومەندی ڕەش پێستی ئەمریکیی لەشاری «مینیاپۆلیس» لەئیالەتی «مینەسوتا»، ناڕەزامەندیی بەربڵاوی دژی ڕەگەزپەرستیی لە سەرتاسەری ئەم وڵاتە لێ کەوتووەتەوە.

ئەم تاوانە توڕەیی جەماوەری ئەمریکای لێکەوتووەتەوە، لە بشێوییەکانی چەند ڕۆژی ئەم دواییەی ئەمریکا سەدان کەس لەوانە چەند پەیامنێر بریندار بوون و یان دەستبەسەر کران.

سەرپەیڤ